Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕان: پەرلەمانی ئەورووپا پەیامی دایە دنیا كە لەگەڵ ریفراندۆمدان

 

باكووری كوردستان-KDP.info- دوای ئەوەی شاندی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆكایەتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپادا كۆ بووەوە، پێشوازییەكی گەرم لە شاندەكە كرا، پسپۆڕێكی یاسای نێودەوڵەتییش دەڵیت، سەردانی كۆمیتەی ریفراندۆم زۆر گرینگ بوو، چونكە یەكێتیی ئەورووپا پەیامی دایە دنیا كە لەگەڵ ریفراندۆمدان.

شاندەكە بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) چەندین كۆبوونەوەی ئەنجام دا، لەوانەیش كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی فلاندەرز، دوای كۆبوونەوەكەیش سەرۆكی هەرێم رایگەیاند، "هەڵویستی دۆستەكانمان زۆر ئەرێنی بووە".

لەو بارەیەوە، (سولەیمان شێخ نەبی)، كە پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتییە لە توركیا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەموو دەزگاكانی بەلجیكا و دەزگاكانی دیكەی ئەورووپا، لە سیاسەتی دنیادا پێگەی تایبەتیان هەیە و، بەلجیكا ناوەندی یەكێتیی ئەورووپایە و بڕیارەكانی ئەم وڵاتە زۆر گرینگن بۆ ئەورووپاییەكان".

چوونی شاندی هەرێم بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، بۆ هەرێمی كوردستان ڕۆژێكی مێژوویی بوو و، لە نێو پەرلەمانی ئەورووپادا تەنیا ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای یەكێتیی ئەورووپادا بینرا.

(شێخ نەبی)، گوتیشی، "بەلجیكا و پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازییەكی گەرمیان لە شاندی كورد كرد و، لە پێشوازییەكەدا لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپا، لە پاڵ ئاڵای یەكێتی ئەورووپادا تەنیا ئاڵای كوردستان بینرا، لە كاتێكدا كە بەپێی عورفی سیاسی و یاسایی، پێویست بوو ئاڵای عێراقیش هەبووایە، كەچی یەكێتیی ئەورووپا ئاڵاكەی هەڵنەدا و بەم هەڵوێستەیشی پێشانی دنیای دا كە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدان لە هەرێمی كوردستان".

لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی نەتەوەكاندا هاتووە، هەموو گەلانی دنیا مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیش (سلێمان شێخ نەبی) دەڵێ، "لە جاڕنامەكەدا هاتووە كە هەموو نەتەوەیەك مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بكات، و ئێمەی كوردیش مافی ئەوەمان هەیە بە شیوەیەكی سرووشتی و ڕەوا چارەنووسی خۆمان وەك هەموو گەلانی دونیا دیاری بكەین".

لە لایەكی دیكەوە، (ئەكرەم ئۆنەن)، كە شارەزای سیاسی و مێدیاییە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەڵدانی ئاڵا و پێشوازیی پەرلەمانی ئەورووپا، مانای پشتیوانیكردن لە گەلی كورد بوو و، ناردنی چاودێرانیش شەرعییەتدانێكی ئاشكرایە بە ریفراندۆمەكەی هەرێم".

(ئۆنەن) گوتیشی، "پێوستە حزبە كوردستانییەكان یەكگوتار بن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونكە ئەمە پرسێكی نەتەوەییە و هیچ پەیوەندییەكی بە حزبێكی دیاریكراوەوە نییە".

 

كاروان باعەدری