Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئازاد تۆفیق: قسەكانی سەرۆكی هەرێم زۆر گرینگ و لە جێگای خۆیدا بوون

 

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، كۆبوونەوەی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بە سەردانێكی دیپلۆماسیی سەركەوتوو ناو دەبات و ده‌ڵێ، زۆرگەشبینم بە پشتگیریی ئەورووپاییەكان بۆ ئاییندەی كوردستان".

(ئازاد تۆفیق)، ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك جەنابی (كاك مەسعوود) لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپادا گوتی، ئەگەر پشتگیرییشمان ناكەن، دژایەتیمان مەكەن. من وەك چاودێرێك ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم و پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەورووپا بینیم، زۆرگەشبینم بە پشتگیریی ئەورووپاییەكان لە ئاییندەی كوردستان، نەك دژایەتیمان بكەن".

(تۆفیق) گوتیشی: "قسەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا زۆر گرینگ و لە جێگای خۆیدا بوون، سەردانەكەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم زۆر سەركەوتووە لە هەوڵە دیپلۆماسیەكان بۆ پشتگیریی ئەورووپاییەكان لە چارەنووسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی ده‌شڵێ: "ئەورووپا حیرفێكی گەورەی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا كە چەندین وڵات لە خۆی دەگرێت، پەرلەمانێكیان پێك هێناوە، كە بیرۆكەی نوێی كایەی سیاسی لە ئەورووپاوە سەر هەڵدەدات، بۆیە پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، زۆر گرینگە".

(ئازاد تۆفیق) گوتیشی: "بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی پشتگیریی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، بەشێكیشیان بێدەنگ دەمێننەوە و دژایەتیمان ناكات، هەیشیانە هەڵوێستی نەرێنیی دەبێت".

هەرێمی كوردستان ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی ئەمساڵ دەنگ بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەدات و، لە ئێستایشدا شاندێكی باڵای ڕیفراندۆمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی كوردستان، لە ئەورووپایە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی ئەورووپاییەكان بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

هێڤار هه‌ڵه‌بجه‌یی