Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دژوار فایەق: ریفراندۆم بنەمای دەستووری و هەیە و باشترین بژاردەیە بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان

هەولێر-KDP.info-  (دژوار فایەق) چاودێری سیاسی رایگەیاند، بڕیاری ریفراندۆم بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بنەمای دەستووری هەیە و باشترین بژاردەیە تا ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێنەوە سەرهەرێمی کوردستان.

(دژوار فایەق)، سەبارەت بە سازدانی ریفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کە زیاتر لە سەد ساڵە رژێمەکانی عێراق ستەمی لێ دەکەن، ئێمە چاوەڕێ بووین دوای کۆتایی رژێمی بەعس کۆتایی بەو ستەمەبێ، بەڵام هێشتا ئەو ناوچانە یەکلا نەبوونەتەوە.

دەشڵێ، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چاوەڕێبوون لەڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بڕیاری خۆیان بدەن و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی زۆرینەی دەنگی ناوچەکە کوردە و بەغدا لەوەدڵنیابوو کە خەڵکی ناوچەکە دەنگ بۆ گەڕانەوەیان بۆسەر هەرێم دەدەن، بۆیە دەستووری عێراقی فەرامۆش کرد و جێبەجێی نەکرد.

(دژوار فایەق) روونی کردەوە بەرێگەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان خەڵکی ئەو ناوچەیە باشترین دەرفەتیان بۆ گەڕانەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێش،  ریفراندۆم کێشەی سەدساڵەی ئەو ناوچانە چارە دەکات، باشترین رێگەیشە کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە خەڵکی ناوچەکە بڕیاری خۆیان دەدەن.

ئاماژەیشی دا، دەستووری عێراق رێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە لەڕێگەی ریفراندۆمەوە کێشەکانیان چارە بکەن، چونکە لە دەستووری عێراقدا هاتووە ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێ ئەوا عێراق هەڵدەوەشێتەوە، هەرێمی کوردستانیش داوای شتێکی نەکردووە کە دەستوور جێبەجێ نەکرێ ئەوە بەغدا بووە کە دەستووری جێبەجێ نەکردووە، بڕیاری ریفراندۆم لە دەرەوەی دەستوورنییە و پێچەوانەیشی نییە، بۆیە بڕیارەکە هەم دەستوورییە و هەمیش مافی هەرێمی کوردستانە، هەڵبەت هەرێم بە بڕیاری ریفراندۆم دەستووری عێراق جێبەجێ دەکات.

قائید میرۆ