Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عیرفان کەرکووکی: کەرکووک بەشێکە لە خاکی کوردستان و تورکمانەکانیش دەڵێن بەڵێ بۆ ریفراندۆم

 کەرکووک-KDP.info-  (عیرفان کەرکووکی)، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان بە تورکمانەکان رادەگەیەنێ کە بەپیر ریفراندۆمەوە بچن و دەنگی بۆ بدەن، چونکە تەنیا بە ریفراندۆم تورکمانەکان مافەکانیان بەدی دێ.

(عیرفان کەرکووکی)، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بە ئاشکرا دەڵێین کە پارێزگای کەرکووک بەشێکە لە خاکی پیرۆزی کوردستان و ئێمەیش هەڵکردنی ئاڵای کوردستانمان لە کەرکووک بە رۆژێکی مێژووی دانا، من کە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکم یەکێک بووم لەوانەی دەنگم بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دا، ئەو رۆژەی لە خزمەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشدا بووین لەوێدا زۆر بەڕاشکاوانە باسم لەوە کرد کە ئێمە وەک تورکمان لەگەڵ ریفراندۆمین، چونکە ئێمە دەزانین کە نەوەکانی تورکمان لە کەرکووکدا تەنیا بە ریفراندۆم دەتوانن مافەکانیان بەدی بێ.

پارتی گەلی تورکمانی وەک سەرۆکەکەیان باسی لێوەکرد کە بارەگا سەرەکییەکانی لەنێو کەرکووکدایە و بۆیە زۆر بەباشی ئاگاداری گەلەکەیانن و لەو باوەڕەیشدایە کە زۆرینەی تورکمان بە بەڵێ دەنگ بە ریفراندۆم دەدات و رۆژانەیش کە خەڵک دێنە بارەگاکانیان بۆیان روون دەکەنەوە کە بەڵی بۆ ریفراندۆم لە بەرژەوەندی داهاتووی گەلی تورکمانە.
(عیرفان کەرکووکی) نمونەیەک دێنێتەوە و دەڵێ، ئەگەر تورکمانێک بچێتە دەرەوەی عێراق ئەوا دێتە هەولێر و سلێمانی و بە فڕۆکە لەو دووشارەدا گەشت دەکات، ناچن بۆ بەغدا چونکە لە گیانی خۆیان دەترسن، هەروەها لەڕووی کاری بازرگانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەرژەوەندی گەلی تورکمان بە هەرێمی کوردستانەوە گرێدراوە، هەڵبەت هۆکاری دیکەی زۆریش هەیە بۆیە شەقامی تورکمان دەنگ بە ریفراندۆم دەدات و ئێمەیش بە بەردەوامی داوایان لێ دەکەین کە بەپیر ریفراندۆمەوە بچن.

قائید میرۆ