Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێرێکی سیاسی: ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ شەڕێکی دیکە دەکات؛ دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێت

باکووری کوردستان-KDP.info-  چاودێرێکی سیاسی لە باکووری کوردستان پێی وایە، ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ شەڕێکی دیکە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات و دیاریش نییە عێراق دەچێتە کام بەرە لەو بەرانەی لە داھاتوودا پێکدێن، دەربارەی کوردستانیش دەڵێت، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە جەرگەی ئەو ڕووداوانەی ناوچەکەدا دروست دەبێت.

(محەمەد سانری)، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە باکووری کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''گەلێک گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا بەڕێوەن، سیناتۆرێکی ئەمەریکا لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئامادەکاری بۆ شەڕێکی درێژخایەن دەکرێت، دیارە ئەم شەڕە گەرمە لە کەنداو بەڕێوە دەچێت و دەست پێ دەکات، ئینجا لە عێراق یا سووریا دەبێت، ھەندێک چاودێریش پێیان وایە لەسەر ئاوی کەنداو دەبێت، ئیدی ئەمەریکا نەچار دەبێت بەرەنگاری شەڕێکی دیکە ببێت، ئەویش لەگەل ئێران، ئەڵبەت لە پەیدابوونی شەڕێکی وەھا گەرمدا بەرەی جیاوازیش پێکدێن.''

ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھێشتا دیار نییە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کام بەرەدا جێی عێراق دەکاتەوە، چونکە (عەبادی) لەوەتەی بووەتە سەرۆکوەزیری عێراق نەچووەتە وڵاتی ئێران، کەچی دوو ڕۆژ پێشتر، دوای کۆتاییھێنانی سەردانێکی بۆ وڵاتی سعودییە، بەپەلە گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.''

(سانری) گوتیشی: ''ڕووداوە گەرمەکان، ھەموویان لە دەوروبەری کوردستان و ناوچەکە بەڕێوە دەچن، تەنیا کوردستان دەتوانێت لەنێو جەرگەی ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەدا وەک دەوڵەتێک لەنێو جیۆپۆلیتیکی ڕووداوەکاندا دەرکەوێت، کوردستانێک گرێدراوی بەغدا بێت، ھەروەک سەد ساڵی ڕابردوو تەنیا شوێنەکەی جەھەنەم دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو عەقڵ و ئیرادەیەی کە دەیەوێت کوردستان لەو جەھەنەمەی سەد ساڵی ڕابردوو تێدابووە ڕزگاری بکات، ئەوەیە کە سەربەخۆ بێت و ھیچ چارەی دیکەی نییە، ٢٥ی ئەیلوولی داھاتووش چیرۆکێکی نوێ دەست پێ دەکات.''

قائید میرۆ