Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕێکی راگەیاندن: هیچ وڵاتێک دژی ریفراندۆم نییە کەچی هەندێ مێدیای کوردی دژایەتی دەکەن

سوید-KDP.info- شرۆڤەکارێکی میدیایی و سیاسیی نێودەڵەتی دەڵێت، هەندێک میدیایی کوردی جگە لە کاری چەواشەکاری هێچی دیکە نازانن و دژایەتی ریفراندۆم دەکەن کەچی هیچ وڵاتێکی دنیا تا ئێستا بە یەک وشەیەش بێ دژایەتی بۆ ریفراندۆم دەر نە بڕیوە.

(د.ئەکرەم ئۆنەن)، کە دکتۆراکەی لە بواری میدیادا لە ڕووسیا بەدەست هێناوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا یەک وڵاتی دنیا یەک وشەی (دژی ڕیفراندۆم) بەکار نەهێناوە، کەچی میدیای هەندێک لایەنی کوردستان کەتوونەتە دژی و هەر هەڵوێستی هەندێک وڵات بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن، ئەم وڵاتە دژی ڕیفراندۆمە. پێویستە حکوومەت لەسەر ئەم پرسانە لێكۆلێنەوە لەگەڵ ئەو میدیانە بکات، کە چۆن لە ڕوویان هەڵدێت لەسەر ناوی ئەو وڵاتانە قسە بکەن و قسەی نەڕاستیش.''

هەرەوەها دەربارەی کاتی ڕیفراندۆمەکە (ئۆنەن) گوتی: ''کاتەکە گونجاوە، بەڵام پێویست بوو خێراتر ئەنجام بدرایە، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت و نەمانی سیستەمێکی جیهانییەوە، باشترین هەلە بۆ ئەوەی کورد لەم هەلەدا سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، بەر لەوەی سیستەمێکی جیهانی بۆ وڵاتان دابنرێتەوە، چونکە تا ئێستا ڕێکخستنێکی ئەوها نییە و لەم بۆشاییەدا پێویستە سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت.''

ئەو پسپۆڕی ڕۆژنامەوانییە دەڵێت: ''لە جاڕنامەی مافی نەتەوەکاندا ناکۆکییەک هەیە، لە بەندی دووەمدا دەڵێت: یەکێتی و یەکپارچەیی نەتەوەکان گرینگە و لە ماددەی ٦دا دەڵیت: هەر گەل و وڵات و نەتەوەییەک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و دەتوانێت دیاری بکات، کە چۆن بژیێت.''

(ئۆنەن) دەربارەی پشتگیریی وڵاتان بۆ ڕیفراندۆم گوتی: ''لە ساڵی ١٩٩١دا کۆسۆڤۆ ڕیفراندۆمی کرد، ئەمەریکا و ئینگلیزەکان پشتگیرییان دەکرد و هەرێمی  ئەبخازی و هەرێمی ئەستینیا ڕیفراندۆمیان کرد، ڕووسیا پشتگیریی دەکردن، بەڵام ئێستا ئەم هەموو وڵاتانە پشتگیریی کوردستان دەکەن، پێویستە کورد لە ڕیفراندۆم نەترسێت و بە هەموو حەماسەتێکەوە ڕیفراندۆمەکە بکەن، چونکە دنیا هەمووی پشتگیری لە کوردەکان دەکەن.''

کاروان باعەدری