Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەربەخۆییی کوردستان پەڕێکی نوێیە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناویندا"

سوید-KDP.info- سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی کوردستانی لە سوید دەڵێت، جیهان پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان بە بابەتێکی گرینگ وەسف دەکات و دەبێ ئەم پرۆسەیە بەرەو پیش بڕوات، تاکو کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دابمەزرێنیت.

(کایا ئزول)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''چوار وڵاتی داگیرکەر خەریکە دەڕووخێن، ئەمرۆ کاری فەرمیی ئەوان تەنیا ئەوەیە کە چۆن بتوانن سنوورەکانی خۆیان بپارێزن و لە بەرانبەر کوردیشدا هەم لە ڕووی سەربازی و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بەرەو بێهێزی دەڕۆن.''

(ئزول) گوتی: ''لە سەرانسەری ڕۆژهەلاتی ناویندا بەتەنیا کورد ئەوەی سەلماندووە، کە توانیوییەتی نەتەوەیەکی سیکۆلار بێت و دەتوانێت لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکان بژیێت، ئەم تایبەتمەندییەش لە لای وڵاتان و گەلانی دیکە نییە، لەبەر ئەوەش سەربەخۆییی کوردستان پەڕەیەکی نوێیە لە مێژووی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.''

(ئزول) گوتیشی: ''کۆمەڵگای نێودەڵەتی پشتگرییەکی بەهێز دەداتە ئەم پرۆسەیە و ئەوان دەوڵەتی کوردستان پەسەند دەکەن و وڵاتانی هەرێمیش ناچارن ئەم وڵاتە بە فەرمی بناسن، دژایەتیی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا زیانێکی گەورەیە بۆ ئەم پرۆسەیە، چونکە ئەم پرسە لە لای وڵاتان حەماسەتێکی مەزنی پێکهێناوە و دەبێ ڕێکخراوە سڤیل و دیموکراسییەکان خەباتێکی باش بۆ ئەم پرسە گرینگە بکەن و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک  لە ئاستی سوید و ئەورووپا کۆششی زۆری بۆ دەکەین.''

کاروان باعەدری