Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كاروان ساڵح: ئەو دەستەیەی دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكات ئاشكرایە و جۆرێكیشیە لە خیانەتی دەرەكی

هەولێر-KDP.info-  چاودێری سیاسی، (کاروان ساڵح) ڕایگەیاند، تەواوی گەلانی كوردستان بڕیاریان داوە سەربەخۆ بن، ئەوەش لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە دەبێت، هەر لایەنێك دژایەتیی ڕیفراندۆم بكات، هەوڵەكانی مایەپووچ دەبێت، بابەتی دژایەتیكردنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، هەڵگەڕانەوەیە لە خەون و ئاواتی لەمێژینەی شەهیدان و تێكۆشەرانی گەلی كورد، كە بە خوێن ئەمڕۆیان دروست كرد.

(كاروان ساڵح)، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ئەوانەی دژایەتیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن، بۆ بەرژەوەندیی كەسایەتی و حزبەكانیان و بۆ ئەو ڕق و كینە لەمێژینەیەی لە ناو دڵیاندایە، لە دژی ئەو بڕیارەی كە دراوە، بەتایبەتی دژی (سەرۆك بارزانی)، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ناشیرینكردنی خۆیان. بەڵام هەوڵەكانیان مایەپووچ دەردەرچێت، بابەتی دژایەتیكردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، هەڵگەڕانەوەیە لە خەون و ئاواتی لەمێژینەی شەهیدان و تێكۆشەرانی گەلی كورد، كە بە خوێن ئەمڕۆیان دروست كرد، ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێت دژایەتیی ئەو پرۆسەیە بكەن، دواجار لە مۆرکی خیانەت زیاتر، هیچی دیكە لە ناوچاوانی خۆیان نادەن.''

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: ''ئەو دەستەیەی دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكات، ئاشكرایە و جۆرێكە لە خیانەتی دەرەكی، كە دەیانەوێت خۆیان بكەن بە داربەستێك بۆ ئەو لایەنانەی دژی خەونی گەلی كوردن، دژی ئەو ئامانجەن، كە ساڵیانی ساڵە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین. ئێمە خەباتمان بۆ ئەوە نەكردووە تا دنیا ماوە ژێردەستی وڵاتان بین. ئەگەر بگەڕێینەوەی بۆ ئەو بڕیارەی لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و لایەنەكاندا درا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە دروستكردنەوەی عێراقی نوێدا، ئێمە ڕۆڵێكی سەرەكیمان گێڕا، بەڵام ئەو كەسانەی چوونە سەر كورسیی دەسەڵات هێچیان دەروەست نەبوون بەو بڕیارانەی دراون و، هەوڵیان نەدا كورد بەشداربوویەكی ڕاستەقینە بێت و بە هەموو مافەكانی خۆی شاد بێت، ئەو دەستوورەی كە هەموو لایەنەكان دەنگیان پێ داوە، پێشێلیان كرد، كاتێك كە ئێمە نائۆمێد بووین لەوەی كە هەر كەسێك لە عێراقی عەرەبیدا بێتە سەر حوكم، بە هیچ شێوەیەك مافەكانی ئێمە دابین ناكات و دژی خەونەكانی ئێمەیە و دژی بەشداری و هاوبەشییەكی ڕاستەقینەی گەلانی كوردستانە لە پرۆسەی دیموكراسیدا، بۆیە ئێمە مافی خۆمانە ئەو ڕێیە هەڵبژێرین، كە ڕێیەكی زۆر یاسایی و شەرعییە. هیچ كەسێك، تەنانەت دوژمنانیش، هەرچەندی ڕق و كینەیان گەورەش بێت، ناتوانن بڵێن ئەوە مافی كورد نییە، دەڵێن ئەوە مافی خۆیانە، بەڵام ئێستا كاتی نییە، بۆیە بۆ ئەوەی زیاتر ئازاد بین و وڵاتەكەمان ئەمن و ئاسایش بە خۆیەوە ببینێت، دەبێ ڕیفراندۆم بكەین و سەربەخۆ بین، چونكە تەواوی گەلانی كوردستان بڕیاریان داوە سەربەخۆ بن.''

ڕابین شێروانی