هەولێر-KDP.info- (د. نەژدەت ئاکرەیی) دەڵێت، حکوومەتی عێراق کوردی پەراوێز خست و وای کرد کە ھەرێمی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە لە عێراق جیا بێتەوە و ڕیفراندۆم بکات و ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت، بۆیە ھیچ بیانوویەکی نەھێشتووەتەوە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بێت و پشتگیری لێ دەکەن.
چاودێری سیاسی، (د. نەژدەت ئاکرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دیاریکردنی ڕۆژی ٢٥/٩ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، وەرچەرخانێکی مێژوویییە، کە لەسەر بنەمای یاسایی و سیاسی دراوە، چونکە ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراقی نوێدا بەشداریمان کرد، کە شەریکی ڕاستەقینەی ئەو دەوڵەتە بین، بەڵام پانۆڕامای ڕووداوەکان ئەوە نیشان دەدات، کە شەراکەتی ڕاستەقینە نەبووە و کورد پەراوێز خراوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی دەستووری عێراقە و جگە لەوەش، ئابلۆقەی ئابوورییان خستە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەموو ئەمانە وای کرد، ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێت، چونکە حکوومەتی عێراق، خۆی ڕێی بۆ ھەرێمی کوردستان خۆش کرد ڕیفراندۆم بکات.''
(د. نەژدەت ئاکرەیی) گوتی: ''ھەرێمی کوردستانیش دوای ئەوەی لە عێراق بێھیوا بووە، ھەوڵی سەربەخۆییی کوردستان دەدات، میکانیزمی ئەو کارەش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە و جگە لەوەش دۆسییەی جینۆسایدمان لەگەڵ عێراق ھەیە.''
(ئاکرەیی) دەڵێت: ''ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم ڕیفراندۆمە کەمن، چونکە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا زۆرینەی لایەنەکان یەکڕیزن، جگە لە ھەندێک بۆچوونی کەم نەبێت، گەر ئەوانیش پشتگیر نەبن، دواجار لە مێژوودا پەراوێز دەخرێن.''
(ئاکرەیی) ڕوونی کردەوە: ''وڵاتانی ھەرێمییش دەزانن ھەرێمی کوردستان ھۆکاری سەقامگیری ناوچەکەیە، بۆیە بڕوا ناکەم ڕێگری بکەن، چونکە بێت و ھەرێم نەبێتە دەوڵەت، ئاستەمە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بێتە کایەوە.''
ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: ''پێشتر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی ڕیفراندۆم بوون، بەڵام ئێستا پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەم جیابوونەوەیەی ھەرێمیش لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا دەبێت.''
(ئاکرەیی) زیاتری بابەتەکە ڕوون کردەوە و گوتی: ''ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە شیاوە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەت و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.''
(نەژدەت ئاکرەیی) ئەوەشی خستەڕوو: ''حکوومەتی عێراق، خۆی ڕێی بۆ ھەرێمی کوردستان خۆش کردووە، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ھیچ بیانوویەکی نەماوە، کە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان نەکات، بۆیە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێم سەرکەوتوو دەبێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پشتگیری لێ دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم