Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاسایشی كەركووك: دادگا سه‌لماندی حەشدی شەعبی و دژبه‌رانی كورد تاوانبارن

 

كەركووك-KDP.info-  بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، حەشدی شەعبی و چەند لایەنێكی دژ بە كورد له‌ پشت بەلارێدابردنی چەند كەیسێكه‌وه‌ بۆ زڕاندنی ناوی هێزە كوردییەكانی شاری كەركووك، بەڵام سەرجەم كەیسەكان ئاشكرا كران و دەركەوت تاوانباران كێن.

لیوای مافپه‌روه‌ر (هەڵۆ نەجات) بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند : "حەشدی شەعبی و چەند لایەنێكی دژ بە كورد چەند كەیسێكیان بۆ ناوزڕاندنی هێزە كوردییەكانی شاری كەركووك دروست كردبوو، هه‌ڵبه‌ت مەبەستیان بوو به‌رگێكی ناشیرین بە هێزەكانی ئاسایش و هێزی پێشمەرگەدا بكه‌ن، لە شاری كەركووك، بەڵام دەركەوت كە ئەو تاوان و پشێویانە لەلایەن حەشدی شەعبی و سەرانی دژ بە كورده‌وه‌ لە شاری كەركووك ئەنجام دراون. دادگا بە دیكۆمێنت سەرجەم ئەو راستیانەی بۆ رای گشتی خستە روو."

وه‌ك لیوای مافپه‌روه‌ر (هەڵۆ نەجات) له‌باره‌ی یه‌كێك له‌ كەیسەكانه‌وه‌ ده‌ڵێ، منداڵێك لە شاری كەركووك رفێندرابوو بۆ ناوچەی دوز، داوای پارە دەكرا بۆ ئازادكردنی. بەڵام دوای هەوڵەكانی هێزەكانی ئاسایش دەركەوت كه‌ ئەنجامدەرانی ئەو كارە حەشدی شەعبین و یەكێك لە ئەنجامدەران خوشكەزای بەرپرسێكی باڵای حەشدە.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و كه‌یسانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌، ئافرەتێكیش لەگەڵ دۆستێكی خۆیدا رۆیشتبوو، دەیانەویست كەیسەكە بخەنە ملی هێزە كوردییەكانه‌وه‌ گوایە بردوویانن، بەڵام دواتر دەستگیر كران و دەركەوت كێشەیەكی كۆمەڵایەتییە و دوورونزیك دەستی هێزه‌ كوردستانییه‌كانی تێدا نییە.

(هەڵۆ نەجات) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، "ئەو حزب و لایەن و گرووپە دژ بە كوردانە هەمیشە هەوڵ دەدەن لە ئاوی لێڵدا ماسی بگرن و، ده‌یانه‌وێ بچووكترین هەل بقۆزنەوە بۆ ناشیرینكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە كەركووك، خۆ ئەگەر تەنیا باسی قارەمانێتی و گیانفیدایی و كارامەیی ئەو سێ ساڵەی دوای هێزە كوردییەكان بكەین لە كەركووك، بۆمان دەردەكەوێت ئەوە ئەو هێزانەن بوونەتە هۆی پاراستنی خێزان و منداڵی ئەوانەی دژ بەو هێزانە كار دەكەن لە دەستی داعش."

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك دووپاتی كرده‌وه‌، هێزەكانی حەشد و چەند لایەنێكی تر، هەوڵ دەدەن دەستەڵاتیان لەناو شاری كەركووكدا هەبێت، بەڵام بۆ هەموو لایێك روونە حەشدی شەعبی بۆی نییە لە شاری كەركووك تەواجودی رەسمی هەبێت. ته‌نیا لە ناوچەی تازە هه‌ن، ئەویش بۆ ئازادكردنەوەی چەند ناوچەیەكی شیعەكانه‌ و گوتی، ''ئەگەرنا هیچ هێزیكی نامۆ بۆی نییە بێته‌ كەركووكه‌وه‌ و رێگایان پێنادەین."

سەرباز واحد