Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی بەهێزتری جەنگی دژ بە تیرۆر و ئاشتەوایی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا دەبێت

هەولێر-KDP.info-  (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا بێت، کە کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی کاریگەرتر دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی و بەشدارێکی کاراش دەبێت لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی لە دەڤەرەکەدا.

ئه‌مڕۆ 22/6/2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بە سەرپەرشتیی (پاتریک سیمۆنێت) باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کە چەندین بالیۆز و کۆنسووڵی وڵاتانی ئەورووپا ئامادەی بوون، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لە سەر کرا.

هەر لەم کۆبوونەویەدا پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و شاندی ئەورووپا جەختیان لە سەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەولێر وبەغدا کردەوە لە پێناو چارەسەریی گشت کێشەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر.
لە بەرامبەردا (مەسروور بارزانی) ئاماژەی  بە ئەوەدا، کە گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەن و هەرێمی کوردستانیش رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خواستی هاووڵاتیانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتیشی کردەوە، کە هەوڵی فراوانتر دەدرێت تاکو نیگەرانیەکان لە دەڤەرەکەدا بڕەوێندرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا بێت، کە کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی کاریگەرتر دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی و بەشدارێکی کاراش دەبێت لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی لە دەڤەرەکەدا.