هەولێر-KDP.info- (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، "ئامانجمان لە ڕاپرسی ئه‌وه‌یه ده‌مانه‌وێت رێگه له كاره‌ساتی گه‌وره بگرین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك پێی وایه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره روو بدات، له راستیدا خۆی به نه‌بوونی ئه‌مه كێشه‌ی گه‌وره روو ده‌دات"، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، نەیبیستووه هیچ وڵاتێكی ئه‌ورووپایی یان ئه‌مریكا دژی ریفراندۆم قسه بكه‌ن.
نه‌ك پێی وایه ئێستا كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه، به‌ڵكو له وه‌ڵامی ئه‌و بۆچوونه ناوخۆیی و هه‌رێمیی و نێودهوڵهتیانهشدا ده‌ڵێت "بۆ ئێستا نه‌بێ؟، چونكه زۆریش دواكه‌وتووه، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوان بین هه‌موو كێشه‌كانی ناوچه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وكات ئێمه ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌وه هیچ رۆژێك نابێت بتوانین دیاری بكه‌ین، چونكه له دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق له ساڵی 2003 رۆژ له دوای رۆژ كێشه‌كان زیاتر بوون، زیاتر دواخستنی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌شدا نییه، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشه ناكرێ و له رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ده‌ست پێده‌كات".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی هه‌رێمیی و ئه‌مریكا و ئه‌ورووپایش به شێوه‌یه‌ك ده‌بینێت كه دژی ئه‌و مافه‌ی كورد نیین و ده‌ڵێت: "نه‌مبیستووه هیچ وڵاتێكی ئه‌ورووپایی یان ئه‌مریكا دژی ریفراندۆم قسه بكه‌ن له‌وانه‌یه گوتبێتیان كاته‌كه گونجاو نییه یان له‌وانه‌یه ریفراندۆمه‌كه كێشه‌ی زیاتر به‌دوای خوێدا بێنێت، ته‌نانه‌ت توركیا و ئێرانیش نه‌یان گوتووه، دژین و نابێت. ئه‌مه مافێكی سرووشتیی هه‌موو میلله‌تێكه، چ گوناهێكه و چ تاوانێكه كه میلله‌تێك بێت به ئاشتیانه و دیموكراسیانه گوزارشت له ماف و چاره‌نووسی خۆی بكات؟، ئامانجمان ئه‌وه‌یه ده‌مانه‌وێت رێگه له كاره‌ساتی گه‌وره بگرین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك پێی وایه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره روو بدات، له راستیدا خۆی به نه‌بوونی ئه‌مه كێشه‌ی گه‌وره روو ده‌دات، ئه‌و وڵاتانه باسی مافی مرۆڤ و مافی گه‌لان ده‌كه‌ن، ئه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه‌یان له كوێیه، ئایا كه دێته سه‌ر كێشه‌ی كورد هه‌مووی ون ده‌بێت؟".
ره‌وشی ئێستا
رۆژنامه‌نووسێكی كه‌ناڵی فرانس 24 به‌و پرسیارانه ده‌ستی به گفتوگۆیه‌كی چر و پڕ كردووه له‌گه‌ڵ (سەرۆک بارزانی) و ده‌نگدانه‌وه‌ی بڕیاری ریفراندۆم بووه‌ته باسێكی هێنده گه‌وره و فراوانی جیهانی، ئه‌ویش زۆربه‌ی پرسیاره‌كانی له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و پرسه ته‌رخان كردووه، چونكه رۆژی 7/6/2017 زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانیاندا، كه له 25/9/2017 ئه‌نجام بدرێت، به سه‌رپه‌رشتیی (بارزانی) كۆ ببوونه‌وه.
له‌و دیداره‌دا پرسی پاش ده‌ره‌نجامی ریفراندۆم و كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان و شه‌ڕی مووسڵ و ره‌ققه و كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی وشكایی ئێران له عێراقه‌وه بۆ سووریا و پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و پرسی كورد له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باس كردووه و چه‌ندین پرسیاری له‌باره‌وه كردووه.
هه‌ڵوێستی (بارزانی) و خوێندنه‌وه‌ی بۆ رووداوه‌كانی داهاتوو و ئه‌گه‌ری روودانی كاره‌ساتی گه‌وره له داهاتوودا وه‌ك ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی پێشوودا باسی كردبوون، وای له رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی فرانس 24 كرد له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بپرسێت "مه‌به‌ستتان چییه ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌بێ كاره‌سات روو ده‌دات؟".
له وه‌ڵامدا (سەرۆک بارزانی) ده‌ڵێت "نازانم كه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وشه به‌مشێوه‌یه بمێنێ، كه زۆر كێشه له نێوان هه‌رێم و به‌غدا ماوه و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، هه‌رچه‌نده ئێمه حه‌ز ناكه‌ین به خه‌یاڵیش بیری لێبكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری هه‌یه تووشی شه‌ڕێكی خوێناوی ببین و شه‌ڕی داهاتوویش شه‌ڕێكی خوێناوی بێت".
په‌یوه‌ندیی نێوان (بارزانی) و (عه‌بادی)
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی ره‌وشی ئێستای عێراق و په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و (عه‌بادی) و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت "ئێستا په‌یوه‌ندیی من و به‌رێز (عه‌بادی) په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر دۆستانه‌یه و هه‌میشه ئاگامان له یه‌كتره و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه، له شه‌ری مووسڵ كه پلانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا و هاوپه‌یمانان بۆ داڕشت، سه‌ره‌تا ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه و سوپای عێراق نزیكی یه‌كتری ببنه‌وه كێشه‌یه‌كی خراپ رووبدات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی نایاب له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق درووست بوو، تا ئێستایش به‌رده‌وامه. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه ئه‌م دۆخه هه‌روا ده‌مێنێت، ئێمه زۆر كێشه‌مان هه‌یه هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌بووه له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها مانای ئه‌وه‌نییه من ده‌مێنم و عه‌بادیش ده‌مێنێت و ئه‌م دۆخه‌ش وا ده‌مێنێت، ئێمه ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه دۆخێكی دیكه درووست بێت، چونكه به‌داخه‌وه هێشتا ئه‌و فه‌رهه‌نگه خۆسه‌پێنه له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی زۆر كه‌س هه‌یه له به‌غدا و هاوبه‌شیی قبووڵ ناكه‌ن، مادام هاوبه‌شییش قبووڵ نییه مانای ئه‌وه‌یه بڕیاری دیكه ده‌درێت. بڕیاری وا ده‌درێت كه نه‌گونجێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستانیش، وه ببێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕێكی دیكه درووست ببێت، له‌سه‌ر پرسی سنوور و زۆر پرسی دیكه‌ش هه‌یه، بۆیه من ده‌مه‌وێت له‌و كه‌شوهه‌وا پۆزه‌تیڤه‌ی ئێستا هه‌یه بگه‌ینه لێكتێگه‌یشتنێك تا رێگه له‌و كاره‌ساته بگرێن كه خوانه‌خواسته ئه‌گه‌ری هه‌یه له بارودۆخێكی دیكه‌دا روو بدات".
(سەرۆک بارزانی) مه‌ترسییه‌كانی قۆناغی دوای شه‌ڕی داعش یان هه‌لومه‌رجی نوێی عیراق ناشارێته‌وه و له قسه‌كانیدا چه‌ند جارێك ته‌ئكیدی له‌و مه‌ترسیانه كردووه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ری هه‌یه له داهاتوودا روو بده‌ن، بۆیه دیسان باسی له‌وه كردووه پێویسته پێشی پێبگیرێت و رایگه‌یاندووه "دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین و نه‌بینه دوو دراوسێی باش، ئه‌گه‌ری روودانی زیاتره، چونكه نه‌مانتوانی ببینه دوو هاوبه‌شی باش له ساڵانی رابردوو. ده‌ستوورێكمان هه‌بوو زۆر رێك‌وپێك بوو، به‌ڵام كاری پێنه‌كرا، چونكه له دهستوورهكهشدا ده‌ڵێت (پابه‌ندبوون به‌م ده‌ستووره‌وه مه‌رجه بۆ مانه‌وه‌ی عێراق به یه‌كپارچه‌یی) بۆیه من ئه‌و پرسیاره له هه‌موو دنیا ده‌كه‌م، كام ده‌ستوور؟ چ ئیلتیزامێكی پێوه‌كراوه؟". بۆیه من له شه‌ڕێك ده‌ترسم كه گرینگ نییه له نێوانی كێ ده‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت رێگه له‌و شه‌ڕه بگرین، جا له نێوان كێ ده‌بێت من نازانم له نێوانی كێ ده‌بێت و چۆن ده‌بێت".
كاتی ریفراندۆم
(بارزانی) له وه‌ڵامی خواسته‌كانی ئه‌مریكا بۆ دواخستنی ریفراندۆم بۆ پاش هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق له مانگی ئاداری داهاتوو، له‌و كاته‌ی رۆژنامه‌نووسه فهڕهنساییهكه پرسیاری لێكردووه گوتوویه‌تی "له‌وانه‌یه ئه‌وان بۆچوونێكی دیكه‌یان هه‌بووبێت به‌ڵام ئیمه‌ش بۆچوونی خۆمانمان بۆ شیكردنه‌وه، كه پێویست نییه چیدیكه دوای بخه‌ین، كێ ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردن هه‌ر ده‌كرێت له كاتی خۆیدا؟، پاشان ئه‌وه 14 ساڵه ئێمه هه‌ر دوای ده‌خه‌ین، ئیتر ناتوانین له‌مه زیاتر دوایبخه‌ین".
ده‌رباره‌ی ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمه‌كه و ده‌ستپێكردنی دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا (بارزانی) رایگه‌یاندووه "كاتێكی كراوه نابێت بۆ گفتوگۆ به‌ڵام مرونه‌تێكی زۆریش ده‌بێت له گفتوگۆ، بۆ ئه‌وه‌ی كاتی پێویستی پێبدرێت تا بگه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ریفراندۆم له پێناویدا كرا.
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی رۆڵ و پێگه‌ی كورد له پاش رووخاندنی رژێمی به‌عس، (سەرۆک بارزانی) رایگه‌یاند "كورد له كاتی رووخاندنی رژێم و درووستكردنه‌وه‌ی عێراقی نوێ رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی، له دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێی عێراق و هه‌ڵبژاردن و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور و پێشتریش له شه‌ڕی رووخاندنی رژێم، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایی به تایبه‌تی پاش دواهه‌ڵبژاردن كه كرا، له راستیدا به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی رێك‌وپێك رۆژ دوای رۆژ رۆڵی كوردیان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌و ئێمه هیچ شتێكمان نه‌ماوه له به‌غدا. یاسای هه‌ڵبژاردنیش یاسایه‌كی زاڵمانه‌یه و به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ی ئێستا هیچ سودێكی نییه ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه. تا ئێمه ده‌گه‌ینه ده‌ره‌نجام و لێكتیگهیهشتن و هه‌ر ده‌ره‌نجامێك دوای ریفراندۆم، ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ناپچڕێنین. دوای ئه‌وه‌ش ئێمه پێمان خۆشه قووڵایی ستراتیژیی ئێمه به‌غدا بێت و قووڵایی ستراتیژیی به‌غدایش ئێمه بین، به‌ڵام ده‌رباره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا بێت، هه‌ڵبژاردن هیچ مانایه‌كی نابێت و ده‌رباره‌ی ئێمه‌ش من باوه‌ڕ ناكه‌م به‌م یاسایه‌ی ئێستا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین مه‌گه‌ر گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ردا بێت".
به‌غدا مادده‌ی (140)ـی جێبه‌جێ نه‌كردووه
له بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌دا ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، ئه‌و ناوچانه‌ش هێشتا وه‌ك ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام (بارزانی) ئه‌و گله‌یی و پرسیارانه رووبه‌ڕووی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "له 2005 كه ده‌ستوور داڕێژرا، خه‌ڵكی كوردستان باڵاترین به‌شدارییان تێداكرد، له‌و ده‌ستووره‌دا مادده‌یه‌كی ناودار به ناوی مادده‌ی 140، بۆ چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه هه‌یه، هه‌ر چه‌نده ئه‌وه مانای ئه‌وه‌ش نه‌بوو كه ئێمه گومانمان هه‌بووبێ له كوردستانیبوونی كه‌ركووك و شنگال و خانه‌قین یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌وان، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستووریی و یاسایی چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه بكرێت، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه تا بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن. به‌ڵام له 2005 تا ئه‌مرۆ به‌غدا ده‌بێت گله‌یی له خۆی بكات، بۆ ماده‌ی (140)ـی جێبه‌جێ نه‌كردووه؟، له كاتێكدا بوارێكی زۆر هه‌بووه‌و كاتێكی زۆری له به‌رده‌ست بوو تا ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات. نه ئه‌و كاته و نه ئێستاش ئێمه گومانمان له ناسنامه‌ی كوردستانیبوونی ئه‌و ناوچانه نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه گفتوگۆ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش بێن یارمه‌تیمان بده‌ن، چونكه مومكینه هه‌ندێك شوێن هه‌ن ناوچه‌یه‌كن عه‌ره‌به‌كانی تێدا ده‌ژین لێیان بپرسرێت، گرینگ لای ئێمه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رای ئه‌و خه‌ڵكه، ئه‌وان ئه‌گه‌ر رایان وابوو بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێم، ده‌بێت رێز له رایان بگیرێت، ئه‌گه‌ر نه‌شیانویست له‌گه‌ڵ هه‌رێم بن، ئێمه رێز له رای ئه‌وان ده‌گرین. ئێمه ئیراده‌ی خۆمان ناسه‌پێنین و ناشهێڵین ئیراده‌یه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه بسه‌پێنرێت. خه‌ڵكه‌كه با خۆیان بڕیاری خۆیان بده‌ن".
ریفراندۆم له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌غدا بڵێت "نابێت ریفراندۆم له‌و ناوچانه‌دا ئه‌نجام بده‌ن"، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی "ئێستا به‌غدا نه‌یگووتووه نابێت ریفراندۆم له‌و ناوچانه‌دا بكه‌ن، بۆیه پێویست نییه بچینه سه‌ر باسی پرسی گریمانه‌یی، به‌ڵام ئێمه هیوادارین هه‌موو شتێك به گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر گه‌یشته ئه‌وه‌ی گوشار و هێز و هه‌ڕه‌شه له دژمان به كار بهێنرێت، ئه‌وكاته خۆ ئێمه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستین".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تا چه‌ند سەرۆکی هەرێمی کوردستان متمانه‌ی ئه‌وه‌ی لا درووست بووه كه خۆی یان ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گفتوگۆ ده‌كه‌ن پاش ریفراندۆم ده‌ره‌نجامێكی ئه‌رێنی به‌ده‌ست بهینن له داهاتوودا تا ده‌وڵه‌تی كوردی درووست بێ؟، له‌و باره‌یه‌وه (بارزانی) وه‌ڵامی كه‌ناڵی فرانس 24 داوه‌ته‌وه گوتوویه‌تی "هیوادارین بگه‌ینه ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه ئه‌و پرسه ته‌نها په‌یوه‌سته به كه‌سی (عه‌بادی)، چونكه ئه‌وه پرسێكه په‌یوه‌ندی به هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و عێراق و هیز و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه‌و هیوادارین هه‌مووان ئه‌رێنی بن و له‌و دۆخه تێبگه‌ن".
ره‌ققه و داعش
كه‌ناڵه فه‌ڕه‌نسییه‌كه ده‌رباره‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری ره‌ققه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی داعش له سووریا و درووستبوونی گرژی له نێوان هێزه هاوپه‌یمان و ناكۆكه‌كان له سووریا له بۆچوونی بارزانی پرسیووه‌و له وه‌ڵامدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت "راستییه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌بێت داعش له عێراق و سووریا تێكبشكێنرێت، ناكرێت له شوینك بشكێنرێ و له شوینێكی دیكه په‌ناگای هه‌بێت، ره‌وشی سووریا جیاوازه، چونكه له عیراق دوو به‌ره‌یه، راسته هه‌ندێك جار له‌گه‌ڵ به‌غدا جیاوازیمان هه‌یه، به‌ڵام له یه‌ك به‌ره‌داین بۆ جه‌نگی داعش و هاماههنگیمان هه‌یه، هاوپه‌یمانانیش هه‌موویان كۆكن و پشتیوانی له ئێمه و له سوپای عێراق ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه ئاسانه و وێنه‌كه بۆ هه‌موو لایه‌ك زۆر روونه. به‌ڵام له سووریا تێكه‌ڵه، ئۆپۆزیسیۆن دابه‌شكراون، هاوپه‌یمانان دژی یه‌كترین، ئۆپۆزیسیۆن دژی یه‌كترین. حكوومه‌تی سووریا به شێوه‌یه‌كی تره، له لایه‌ك شه‌ڕی داعش ده‌كات و له لایه‌كی دیكه شه‌ری ئۆپۆزیسیۆن ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه له راستیدا هێنده تێكه‌ڵ بووه زۆر ئه‌سته‌مه كه‌س سه‌ری لێی ده‌ربچێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زۆر گرنگه ره‌ققه رزگار بكرێت به‌ڵام به راستی زۆر ئاڵۆزه ره‌وشی ئه‌وێ وه‌كو ئیره نییه".
ریفراندۆمی هه‌رێم و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان
فرانس 24 ده‌رباره‌ی بڕیاری ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان و ئه‌گه‌ری ئیلهام به‌خشین به پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و بیركردنه‌وه له شێوازێكی هاوشیوه یان شێوازێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی پرسیاری ئاراسته‌ی (بارزانی) كردووه و له وه‌ڵامدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت "لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ، نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌یه به ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورد و دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكدا، ئه‌و كورده‌ش مافی ژیانی هه‌یه له هه‌ر كوێیه‌ك بێت و له هه‌ر وڵاتێك بێت. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین له هه‌ر پارچه‌یه‌ك به گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی ره‌وشی خۆیان، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی خۆیان بگه‌نه لێكتێگه‌یشتن به شێوازێكی ئاشتیانه مافی ئه‌وانیش بدرێت. به‌ڵام به چ شێوازێك و چۆن، ئێمه نه ده‌ستی تێوه‌رده‌ده‌ین و نه بۆ ئه‌وانی دیاری ده‌كه‌ین، به‌ڵام زۆر به‌هێزه‌وه پشتیوانی له شێوازێكی واده‌كه‌ین، جا له سووریا بێت یان ئێران بێت یان توركیا بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی نییه به پارچه‌كانی دیكه‌وه، وا بوو به 26 ساڵ ئه‌و ره‌وشه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆ توركیا و ئێران سه‌لماوه ئێمه فاكته‌ری یارمه‌تیده‌ر بووین بۆ سه‌قامگیریی و ئارامی و ئاسایش و هه‌ر كاتێكیش ده‌رفه‌تی ئاشتیانه بۆ چاره‌سه‌ریی له‌گه‌ڵ كورده‌كانی وڵاته‌كانیان هه‌بووبێ، ئێمه درێخیمان نه‌كردووه و له‌مه‌ودوایش نایكه‌ین، به‌ڵام ئێمه له‌مه زیاتر ماف به خۆمان ناده‌ین ده‌ستوه‌ردان بكه‌ین. ئێمه پێمان خۆشه ئه‌و كوردانه‌ی له‌وێ ده‌ژین له‌گه‌ڵیان بگه‌نه چاره‌سه‌ری ئاشتیانه بۆ ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه و كوردیش مافی ژیانی هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر به نكۆڵی‌كردن له مافه‌كانی كورد چاره‌سه‌ر بوایه له 100 ساڵی رابردوو چاره‌سه‌ر ده‌بوو".
ده‌رباره‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كۆتاییهاتنی خولی سه‌رۆكایه‌تی و كاراكردنه‌وه و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و بڕیاردانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌م كاته‌دا كه كه‌سانێك هه‌ن پێیانوایه كه هۆكاری سیاسییه نه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی و كاره درووسته‌كه، به‌ڵام (بارزانی) به دڵنیاییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت " هه‌ر كه‌سێك ئازاده چۆن بیر ده‌كاته‌وه و چۆن گوزارشت ده‌كات، ئه‌مه ئازادییه، به‌ڵام پاشان ده‌ره‌نجامه‌كه وه‌ڵامی هه‌موو خه‌ڵكیی ده‌داته‌وه، داهاتوو وه‌ڵام ده‌داته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی رۆژی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بۆ بڕیاردانی ریفراندۆم، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند "رۆژی 7/6/2017 هه‌موو هێزه سه‌ره‌كییه‌كان به‌شدارییان كردووه‌و پشتیوانی‌یان لێكردووه، دوو حزب ماون له ده‌ره‌وه ئه‌وانیش كه‌یفی خۆیانه".
ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان (بارزانی) ده‌ڵێت "نامه‌م نووسیووه بۆ كۆمیسیۆن و بێگومان ده‌بێت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش بكرێت له مانگی نۆڤه‌مبه‌ر، بابه‌ته هونه‌رییه‌كانیش ده‌مێنێته‌وه بۆ كۆمیسیۆن خۆیان رۆژه‌كه دیاری بكه‌ن و چۆن ده‌یكه‌ن و زۆریش پێویسته".
(سەرۆک بارزانی) دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر باسی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت "من زۆر باش ده‌زانم پێش دوو ساڵ واده‌كه ته‌واو بوو، من داوام له حزبه‌كان كرد یان هه‌ڵبژاردن بكه‌ن یان براده‌رێك ده‌ستنیشان بكه‌ن، چونكه نامه‌وێت نه یاسا بۆ من بگۆڕن نه خۆیشم یاسای وڵاته‌كه‌م پێشێل ده‌كه‌م. ئێمه له شه‌ڕدا بووین له‌گه‌ڵ داعش، به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی شورا داوایان كرد تا هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی درووست نه‌بێت پۆسته‌كه به‌جێنه‌هێڵم. به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتوو من خۆم كاندید ناكه‌م و من رێز له یاسای وڵاته‌كه‌ی خۆم ده‌گرم. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌و حزبانه‌ی كه گله‌ییان هه‌یه، نه كاندیدیان هه‌یه و نه رێكده‌كه‌ون براده‌رێك ده‌ستنیشان بكه‌ن نه به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنیش ده‌چن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێم هه‌ڵبژێرن".
کورداندنی، کوردستان٢٤