Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامینە زکری: گەل سزای ئەوانەدەدات لە دژی ڕیفڕاندۆمدا کەمپین دروست دەکەن

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەبێ ڕیفڕاندۆم ھەموو ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێت و ھەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بکەن. دەشڵێت، ئەوانەی کەمپین دژی ڕیفڕاندۆم پێک دێنن، دادگای گەل سزایان دەدات.

(ئامینە زکری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕیفڕاندۆم پرسێکی نیشتمانییە و لە سەرووی ھەموو پرسێکەوەیە، کاتێک ئێمە ئاوارە و دەربەدەر بووین و شەھید و قوربانیمان دەدا، قارەمانەکانمان خوێنی خۆیان لەپێناو سەربەخۆییی کوردستاندا دەبەخشی و گیانی خۆیان دەکردە قوربانی و خەباتی ئێمەش ھەر لەو پێناوەدا بەردەوام بووە. بە دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفڕاندۆم لە لایەن سەرکردایەتیی کوردستانەوە، دەبێ گوتاری کورد بەرەو گوتارێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بچێت، دەبێ ڕیفڕاندۆم ھەموو ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێت و ھەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بکەن، چونکە خەونی ھەموو گەلی کوردستانە.''

(ئامینە زکری) گوتیشی: ''بەداخەوە ھەندێ لایەنی ھەرێمی کوردستان کەمپینی دژی ڕیفڕاندۆمیان دروست کردووە، بە ھەندێ بەھانەی سادە و ساویلکانەوە، کە عەقڵ و لۆژیک ناتوانێ ئەو بەھانە بچووکانە قبووڵ بکات. ئومێدمان ھەیە ئەو کەس و لایەنانە بگەڕێنەوە نێو لایەنەکان بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم و ھەرکاتێکیش بێن درەنگ نییە، بەپێچەوانەوە ئەگەر لە ڕیفڕاندۆمدا بەشدار نەبن، ئەوە مێژوو ڕەحم بە کەسمان ناکات و دادگای گەل بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سزای ئەو کەسانە دەدات، خۆ ئێمە دڵنیاین چەندین کەمپینیش پێک بێنن، کاریگەرییان لەسەر بۆچوونی نیشتمانپەروەرانەی خەڵکی سلێمانی نابێت.''

قائید میرۆ