Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەڵكینە خۆتان حوكم بدەن


ئاریان فەرەج
جەماعەتی گۆڕان دەسپێشخەریی كاراكردنەوە و وەرگرتنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیانیشیان رەت كردەوە، كەواتە ئەمانە جگە لە فەوزا و تێكدان و تەنگژە، هیچ نیەتێكیان بۆ چارەسەر نییە. جا وەك ئەوەی هیچ خەتا و تاوانێكیان نەكردبێ، نەك هەر دەرفەتەكان رەتدەكەنەوە، بەڵكو هێشتا رێ بە خۆیان دەدەن مەرج و شەرت دابنێن و هێشتایش داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی دەكەن.

دەڵێن گوایە یووسف لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەركراوە، وەك ئەوەی زاكیرەی دوو ساڵی خەڵك كوژابێتەوە و خەڵك هیچی لە بیر نەمابێ.

ئەوان لە 23ی حوزەیرانی ساڵی 2015 دا خیانەتیان لە سازان و تەوافوق كرد و ویستیان بە ناوی دیموكراسییەوە، دیكتاتۆریەتی زۆرینە بەسەر پەرلەماندا بسەپێنن و دواجار پەرلەمانی گەل بكەنە گەورەترین مەكۆی گۆڕان. كەچی هیچ بە یووسف نەگوترا و یووسف دەهات و دەچوو.

ویستیان بەزۆر سیستمی (سەرۆك هەرێمی سەركوتكراوی لاوازی زادەی سەفەقاتی سیاسی) بەسەر ئیرادەی گەلدا بسەپێنن. ویستیان سەرتاپای وڵات بكەنە حزبی و هیچ بۆ میللەت نەهێڵنەوە و مافی دەنگدانی راستەوخۆی خەڵك زەوت و موسادەرە بكەن. كەچی دیسان هیچیان پێ نەگوترا و یووسف دەهات و دەچوو.

لە 19ی ئابی 2015 دا، جارێكی دیكە بەختی ئینقلابیی خۆیان تاقی كردەوە و كۆدەنگیی هەموو حزبەكان و تەكلیف و ئامۆژگاری یوئێن و ئەمریكا و وڵاتانیان ژێر پێنا و ویستیان جەلسەی پەرلەمان بكەن. ئەوە بوو نیسابیان بۆ كۆنەكرایەوە و شكستیان خوارد، هەموو ئەم بەدكاری و بە بارمتەگرتنەی پەرلەمان لە كاتێكدا روویاندا، وڵات لە شەڕ و لە ژێر هەڕەشەی داعشدا بوو، دەبوا بەرەی نێوخۆیی بەهێز بێ و رێ بە پیلانگێڕی و گێچه‌ڵی نێوخۆیی نەدرێت، بەڵام دیسانیش هیچ بە یووسف نەگوترا و یووسف دەهات و دەچوو.

ئینجا كە زانییان بە ئینقلابی پەرلەمانی هیچ بە هیچ ناكەن، پەنایان بردە بەر فەوزای شەقام و سوتاندنی بارەگا و بە كوشتدانی منداڵان و تێكدانی ئارامیی سلێمانی و هاوكاتیش هەرەشەی كوشتنی كۆنسووڵ و ئەندازیارانی بیانی. هیچ دەربەست نەبوون بەوەی كوردستان و رۆڵەكانی لە شەڕدان و نابێ ئەم گێچەڵە ناوەختەی پێ بگێڕدرێ. ئینجاش تا ئەو كاتەش یووسف هەر دەهات و دەچوو و كەس دەستی نەخستە رێی.
بەڵام كاتێك ویستیان ئەو فەوزایە بگوێزنەوە بۆ هەولێر و هەموو كوردستانی تێوە بگلێنن و هەرچی دەستكەوتی كورد و كوردستانە بیخەنە بەر هەڕەشەی لەنێوچوون، ئیدی بەرژەوەندی باڵا و پاراستنی ئەمنی قەومیی كوردستان وایخواست سنوورێكیان بۆ دابنرێ.

یووسف ئەوكاتە دەركرا و بزووتنەوەكەشی ئەوكاتە لە حكوومەت تەریك كرا و لەسەر ئەو بەدكاریانە بوو، نەك لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی. لەسەر ئەوەبوو دەیانویست ئیرادەی گەل تەسلیم بە كۆنسلكووژ و كۆدەتاچی و فەوزەوی بێت.

ئێستایش، سەرباری ئەو هەموو ناپاكی و بەدكارییە، لەبەرخاتری یەكڕیزیی نیشتمانی، دەرفەتی گەڕانەوە بەو تاقمە دراوە و كەچی هێشتا ئەوان رەتی دەكەنەوە.

جا كەواتە با میللەت قەزاوەت بكات كە ئەوانە چین و چییان دەوێ!!