Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كوردستانیان، داوای سەربەخۆیی دەكەن

ھەولێر-KDP.info- خەڵكی كوردستان داوای ڕیفراندۆم، سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقی لێكھەڵوەشاوە دەكەن و دەڵێن، بە مانەوە لەگەڵ عێراقدا، مێژووی تاریكی و تاوانەكانی سەد ساڵی پێشتر، دووبارە دەبنەوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارەبای دارەشەكران (زرار سابیر عەباس)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕیفراندۆم شێوازێكی دیكەیە لە شێوازەكانی بەشداریكردنی ھاووڵاتیان لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا، لەم ڕاپرسییە گشتییەدا یەك ئەلتەرناتیڤی سیاسی بۆ چارەنووسی گەلی كورد دەنگی زۆرینەی جەماوەری كورد وەردەگرێت، لەبەر ئەوەی بواری سەودا و موزایەدەی سیاسی و دڵەڕاوكێ و گومان لە بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان نامێنێ، بۆیە ڕیفراندۆم دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتی كورد، بۆیە بە دەنگدان بە "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم" تەواوی چارەنووسی سیاسی و ‌ئایندەی میللەتەكەمان دە گۆڕێت، بە مانەوەیش لەگەڵ بەغدا، مێژووی تاریكی و تاوانەكانی سەد ساڵی ڕابردوو دووبارە دەبنەوە".

ڕۆژی چوارشەممە ٧ـی ٦ـی ٢٠١٧ لە كۆبوونەوەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی ھەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ـیان وەك رۆژی ریفراندۆم دیاری كرد، خەڵكی كوردستانیش لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ ھەریەك بە جۆرێك خۆشحاڵی دەردەبڕن.

پێوەست بەم پرسە، (ڕێبین نەوزاد) لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێفراندۆم ئەو مافەی ھەزاران ساڵەی كورد، دواجار لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) و كۆدەنگیی بەشێك لە كورد بوو بە واقع، ھەموو ئەوانەیش كە لە ڕابردوودا دژی (بارزانی) بوون كە گوایە دەوڵەت بەو دروست ناكرێ، ئێستا بیانووەكانیان گۆڕیوە، ھەندێكیان تەنیا كێشەیان ئەوەیە كە (سەرۆك بارزانی) سەركردەی ڕەوتی سەربەخۆییە، ھەندێكیشیان كێشەی خۆیان نییە، بەڵكوو بە فیتی دەرەكی دژی ئەو پرسەن".

(ھیوا مەلا سەعدی) لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ریفراندۆم ئەو رۆژەیە كە ھەموو كوردێك چاوەڕێی دەكات تا بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێین، بۆ ئەوەی رۆحی شەھیدانمان ئاسوودە بێت و جەرگی سووتاوی دایكانی شەھید ئیتر لە كزە بكەوێت و بۆ ھەمیشە ماڵباتی كوردان ئاو و ھەوای ئازادی ھەڵمژن، با ھەموومان ریفراندۆم بكەینە دیاریی شەھیدانی كیمیابارانی ھەڵەبجە و بالیسان و شێخوەسانان و، بیكەینە وەفایەك بۆ شەھیدانی ئەنفال و ئەنفالكراوانی ناوچەكانی قەرەداغ و گەرمیان و بادینان، با واز لە بیر و ھرزی سیاسی و ئامانجە كەسی و حزبییەكان بێنین و رۆحی لێبووردەیمان بۆ یەك ھەبێت تا لە كوردستانێكی ئارام و ئازاددا بژین، با واز لە درووشمی ژێردەستی بێنین و بە یەكەوە ریفراندۆم بكەینە خەڵاتی كچ و كوڕانی جینۆسایدی بارزانیان، با ورەی پوڵایین بە پێشمەرگە و بەرخودانی گەل ببەخشین و مێژوویەكی نوێ بنووسینەوە، سنووری دەستكرد بسڕینەوە و سنووری یەكجارەكی بنەخشێنین كە چۆن بە خوێنی شەھیدانی ئازادیخوازی كورد و كوردستان نەخشێنراوە، ئێستا كاتی ئەوە ھاتووە دڵ و چاوەكان داوای حەق و ئازادی بكەن، داوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی و جیاكاری بكەین لە عێراق، بۆیە با دەنگمان، دەنگی بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بێت".

فایزە كۆیی