Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق به‌ ته‌له‌فۆن ڕایان گۆڕییه‌وه‌

 

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەو بابەتانەی كاریگەریی خراپیان لەسەر دەستكەوت و سەركەوتنەكانی دژی تیرۆریستان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچە ئازادكراوەكان هه‌یه‌، خرانه‌ به‌ر باس. هاوكات بەردەوامبوونی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بۆ چارەكردنی هەموو كێشەكان دووپات كرایەوە.


ئه‌مڕۆ شەممە 10ـی 6ـی 2017، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقه‌وه‌ كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی وڵات و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە مووسڵ و سەركەوتنەكان تاوتوو كران، جەختیش لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە كرایەوە بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانەی كە ماون و هەروەها لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.

هەروەها لەپێناو دووركەوتنەوە لە هەموو ئەو بابەتانەی بە خراپی كاریگەری لەسەر دەستكەوت و سەركەوتنەكانی دژی تیرۆریستان دەكەن و بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لەناوچە ئازادكراوەكان، جەخت لە بایەخی یەكڕیزی كرایەوە.

لەم پەیوەندییەدا بەردەوامبوونی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دووپات كرایەوە.