Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەوەی دەبێ سزا بدرێ مالیكییە

 

یەكێك لەو راستییانەی دوو كەس لەسەری ئیختلافیان نەماوە، مەسئولیەتی راستەوخۆی نووری مالیكییە لە هەراشبوونی داعش و كەوتنی مووسڵ و كۆی ئەو مەرگەسات و ماڵوێرانییەی بە هۆی سیاسەتە شومە تائیفییەکەی بەسەر عێراقدا هات. كەچی مالیكی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی سۆمەرییە، زۆر رووقایمانە نەك هەر دەیەوێ خەتا و مەسئولیەتی كەوتنی مووسڵ و جێیەكانی دیكە لە ئەستۆی خۆی بكاتەوە، بەڵكو هەوڵی داوە بیخاتە ئەستۆی خەڵكی دیكە و خۆی لەو خیانەت و تاوانە مێژوییە بدزێتەوە كە جگە لە ئەو، هیچ كەسێكی دیكەی تێدا خەتاباری یەكەم نییە.

كەس نییە نەزانێ هۆكاری راستەقینەی شكستی مووسل و جێیەكانی دیكە و هەڵاتنی سوپا و بەهەدەرچوونی ئەو ملیاران دۆلارەی لە پڕچەككردنیدا خەرج كرا، بۆ نەهج و پێكهاتەی تائیفییانەی ئەو سوپایە دەگەڕێتەوە كە مالیكی و هاومەشرەبەكانی ویستیان لە هەموو ئینتیمایەكی نیشتمانی دایماڵن و تەنیا وەلائی بۆ تاكەكەس هەبێت. بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مالیكی بە زۆرەملێ كەسانی نزیك لە خۆی وەك عەلی غێدان و عەبود گەمبەری بەسەردا سەپاند كە لە جیاتی گوێڕایەڵی بۆ وڵات، گوێ لە مستی خۆی بوون و دواجاریش سووك و ئاسان مووسڵ و جبەخانەی زەبەللاحی سوپایان تەسلیمی داعش كرد.

مالیكی وەك سیاسییەكی ناشایستە كە قەت نەیتوانیوە تەحەمولی بەرپرسیاریی بكات، لە قسەكانیدا دەیەوێت مەسئولیەتی مێژوویی كارەساتەكە بخاتە ئەستۆی هەندێ ئەفسەر و دەرەجەدار و ئیدیعا دەكات كە گوایە فەرماندەی فیرقەی چوار لە تكریت (كە بە قەولی ئەو فەرمانی لە حزبەكەی وەرگرتووە) بەشداری پیلانی شكستی مووسڵ بووە و فەرمانی كشانەوەی بە ئەفسەرەكانی داوە و هەر بۆیەش كۆمەڵكوژییەكەی (سپایكەر) روویداوە. بۆیەش دەڵێ دەبوایە ئیعدام بكرێت نەك لە كوردستان بكرێتە فەرماندەی كۆلیژی سەربازی.

هەوڵی ئەوەڵ و ئەخیری مالیكی لەم قسانە كە تەنیا خۆی باوەڕی پێدێنێ، تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان و عەببادییە و، دەشیەوێت لە هەمان كاتدا بەو قسانە خۆی وەك فەرماندەی گشتیی ئەوكاتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە مەسئولیەت و خیانەت و خەتای مێژوویی بدزێتەوە و ئەفسەرێك بكاتە كەبشی فیدا.

لە حاڵێكدا مەعلومە كە ئەو فرقەیە و فەرماندەكەی لە تكریت تا توانییان شەڕیان كرد و دواجاریش ئابڵوقەدران و مالیكیی فاشل نەیتوانی هیچ هاوكارییەكیان بە فریا بخات.

مالیكی لە ئێستادا وەك سیاسییەكی دۆڕاو لە پێگە و جێگەیەكدا نییە حەقی قسەكردن و بڕیاردان و تۆمەتباركردنی ئەم و ئەوی هەبێت، لە كۆی رووداوەكان و كارەساتەكانی دوو ساڵی رابردووی عێراقیشدا تاكە كەسێك موستەحەقی دادگایی و سزادان بێت خودی خۆیەتی نەك هیچ كەسێكی دیكە.