Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان سەردانی سەرۆك ئۆڵاند بۆ هەولێر لەبیر ناکات

 

هەولێر-KDP.info-  لە پێشوازیی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراقدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەلی كوردستان هەرگیز سەردانی (سەرۆك ئۆڵاند) لە سێپتەمبەری 2014ـدا لەبیر ناكات.


ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی 5ـی 2017، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (مارك بارێتی) باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و (دۆمینیك ماس) كۆنسووڵی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.

 


لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی و بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكەی لە عێراق سەردانی (سەرۆك بارزانی)ـی كردبوو، لە وتەیەكدا سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كرد كە پشتیوانی ئەرك و كارەكانی بوونە و باسیشی لە سیاسەتی فەڕەنسا لە دوای هەڵبژاردنی سەركۆمار كرد و جەختی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایشیگەیاند، كە فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكانیشی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
باڵیۆزی فەرەنسا هاوکات پێزانینی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە لە بارودۆخێكی خراپدا باری قورسی حەواندنەوەی ئاوارەكانی لەسەر شانە. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا باڵیۆزی فەڕەنسا جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی ڕێز لە دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەنجامی ئەو دیالۆگانە دەگرێت.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی فەڕەنسا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و ڕۆشنایی خستەسەر ڕۆڵی فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و یارمەتیدانی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند، گەلی كوردستان سەردانی (سەرۆك ئۆڵاند) لە سێپتەمبەری 2014ـدا هەرگیز لەبیر ناكات كە لە كاتی تەنگانە و لە وەختی پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان ئەنجامی دا و ئەو سەردانەی بە كاریگەر و مێژوویی وەسف كرد.

هەر لەم دیدارەدا دواپێشڤەچوونە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ و شوێنەكانی تری عێراق تاوتوو كرا.