Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەكەی سەر قیبتییەكانی میسر دەكات

هەولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بە توندی هێرشە تیرۆرستییەكەی سەر قیبتییەكانی میسر ئیدانە دەكات و، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان و گەل و حكوومەتی میسر دەكات.

 ئەمەیش دەقەكەیەتی:

بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆرستییە دڕندانەیە دەكەم كە دوێنێ كرایە سەر دوو پاسی نەفەرهەڵگر لە شاری منیەی میسر و تێیدا نزیكەی سی هاووڵاتیی قیبتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون لە كاتێكدا بەرەو كڵێسایەك بە ڕێگاوە بوون.

هاوخەمی و هاودەردیی قووڵمان لەگەڵ خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان و گەل و حكوومەتی میسر دەردەبڕین، خوای گەورە قوربانیان بخاتە بەر دلۆڤانی و بەهەشتی خۆیەوە، هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

لە كاتێكدا كردەوە و تاوانە تیرۆرستییەكان لە چەندین شوێنی جیهان چەندبارە دەبنەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ جیددیتر لەسەر ئەم پرسە بوەستێت، بە دەستێكی بەهێزتر ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆرستییەكان و بە شێوەیەكی فروانتر بەرەنگاری بیری تاریكی ئەوان ببێتەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

27/5/2017