Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نوێنەری پارتی لە میسر: زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلی کوردن

میسر-KDP.info-  نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر باس لە بۆچوونی وڵاتانی عەرەبی دەکات لەسەر سەربەخۆییی کوردستان و دەڵێت، هەوڵەکانی (بارزانی) بۆ داهاتووی کوردستان زۆر گرینگن.

(شێرکۆ حەبیب)، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر بە ماڵپەری فەریمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کە باس لە ڕاوبۆچوونی عەرەب دەکەین سەبارەت بە هەر بابەتێک، دەبێ ئەوە لە یاد نەکەین، کە زۆربەی وڵاتانی عەرەب و سیاستمەدار و ڕۆشنبیرەکانیان لەسەر زۆر بابەتی سەبارەت بە خۆیان، واتە سەبارەت بە عەرەب هاوڕا و یەکهەڵوێست نین، بۆیە مەحاڵە سەبارەت بە بابەتێک لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیی عەرەبدا یەک هەڵوێست و یەک بۆچوون بەدی بکەین.''

نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر گوتی: ''ئەگەر بە وردی باس لە دۆزی کورد لە چوارچیوەی وڵاتانی عەرەبیدا بکەین، دەبینین بۆچوونی جیاواز لە ئارادایە، وەک بیر و تێڕوانینی شۆڤینی و دژایەتیکردن، بەڵام دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین، کە نوخبەیەکی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە دەبێ ددان بە مافی چارەنووسی میللەتێکدا بنرێت، هەروەها هەندێ لایەن بە دڵەڕاوکێوە لەو بابەتە دەڕوانن.''
(شێرکۆ حەبیب) دەڵێت: ''ئەوەی گرینگە و دەبێ بگوترێت، یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی کوردە لەمەڕ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیییەوە و، ئەمە گرینگترە لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب، تەنانەت زۆر جار باس لەوە دەکەن، کە کورد، خۆیان سەبارەت بەو بابەتە یەکهەڵوێست نین، چۆن داوای پشتیوانیی عەرەب دەکەن.''

نوێنەرەکەی پارتی لە میسر ئاماژەی بەوە دا: ''لە دوا سەردانی جەنابی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئوردن و لەو کۆڕبەندەدا کە بەڕێزیان تێیدا بەشدار بوون، باس لەو بابەتە کراوە، هەروەها لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و حکوومییەکانی چەندین وڵاتی عەرەبی و ئەورووپیشدا باس لەو بابەتەکە کراوە، کە ئەمەش وەک سەرەتایەکی گرینگ بۆ ورووژاندنی ئەو بابەتە هەژمار دەکرێت. لەوانەیە باسکردنی ئەو بابەتە بۆ هەندێ وڵات جێی نیگەرانیش بێت، بەڵام هاوکات هەندێ وڵاتیش پاڵپشتیی لێ دەکەن، یان بۆچوونی ئەوتۆیان نییە، کە دژی خواستی کورد بێت. تا ئیستا لەو وڵاتانە، ئوردن و هەندێ وڵاتانی کەنداو و لوبنان نیگەرانیی خۆیان نیشان نەداوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ خواستی کورددان.''

(شێرکۆ حەبیب) لە درێژەدا گوتی: ''دەتوانین بڵێین میسر سەبارەت بەو بابەتە بەسەر سێ لایەندا دابەش بووە؛ خەڵکە سادە و میللییەکەی لەگەڵ خواستی کوردن، بەڵام حکوومەت لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی عێراقە، هاوکات ڕێز لە بڕیاری کورد دەگرن، چینی ڕۆشنبیریش بە دڵەڕاوکێوە باسی دەکەن، ئەوانەی دژن، بە هزری شوڤینی بیر دەکەنەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لەگەڵ دەوڵەتی کوردستانن، کەچی دەپرسن، ئاخۆ ئیستا کاتەکە گونجاوە؟ یان کورد، خۆی دەتوانێت ئەو دەوڵەتە بەڕێوە ببات، بەبێ ئەوەی ئیعتماد لەسەر کەس بکات؟ ئەو بۆچوونەی ئەوان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە کورد نابێ دووچاری نەهامەتیی دیکە ببێتەوە، چونگە ئەگەر نەیتوانی پارێزگاری لەو دەوڵەتە بکات، دووچاری کارەسات دەبێت. چینێکی دیکەش لەگەڵ عێراقێکی بەهێزن و دەڵێن، دەبێ کورد ڕۆڵی سەرەکیی لەو وڵاتەدا هەبێت و عێراق بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی بێت بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی، یان ئایینی.''

شێرکۆ حەبیب دەشڵێت: ''لەڕاستیدا بۆ کاریگەریدانان لەسەر هزر و بیری شەقامی عەرەب، دەبێ کورد زیاتر ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنی عەرەبی باس بکات، بەتایبەتی وڵاتێکی وەک میسر، کە ئیستاش کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی عەرەبی هەیە، دەبێ ئەوەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە، کە دەوڵەتی کوردستان دەبێتە ئامرازێک بۆ پشتیوانیی عەرەب، هەروەها دەبێ بۆیان ڕوون بکرێتەوە، کە کوردستان ڕۆژێک لە ڕۆژان بە خواستی میللەتەکەی نەبووەتە بەشێک لە عێراق، بۆیە سەربەخۆییی کوردستان نابێتە هۆکاری پارچەبوونی عێراق، بەڵکو دەبێتە ئامرازی سەقامگیری و هێوریی ناوچەکە، بەڵام ئەوەی کە گرینگترینە، یەکهەڵوێستیی بۆچوونی نێوماڵی کوردە.''
 
کارزان سەباح هەورامی