Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەربەست سەبری: هەولێر و ئانکارا بۆ کردنەوەی دەروازەی سەرزێڕێ دانوستانیان کردووە

کانی ماسێ-KDP.info-  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی دەروازەیەکی دیکەی بازرگانی لە نێوانیاندا بکرێتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسیی پارێزگای دھۆکیش دەڵێت، لە ئایندەیەکی نیزیکدا دەروازەی سنووری سەرزێڕێ دەکرێتە دەروازەیەکی بازرگانیی نێوان ھەرێم و تورکیا.

(سەربەست سەبری)، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسیی سەر بە قەزای ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا دەستی بە دانوستان لەگەڵ تورکیا کردووە، بۆ ئەوەی سەرزێڕێ بکرێتە دەروازەیەکی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی، تەنیا دڵخۆشین بەوەی گەشبینییەک ھەیە، کە لە ئایندەیەکی نیزیکدا ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و تورکیا بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری سەرزێڕێ ببێتە دەروازەیەکی گرینگی بازرگانیی نێوان ھەردوو وڵات.''

(سەربەست سەبری) گوتی: ''ڕاستە ھەرێم دەروازەی بازرگانیی دیکەی لەگەڵ تورکیا ھەیە، بەڵام ناوچەی ئامێدی لە ڕووی جۆگرافییەوە گرینگی و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و ئەگەر سەرزێڕێ بکرێتە دەروازەی بازرگانی، ئەوە ڕێیەکی نیزیکترە بۆ تورکیا و ھەردوو لا دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر بازرگانی لێوە بکەن و کاریگەریی لەسەر ڕەوشی بازرگانیی نێوان ھەرێم و تورکیا دەبێت، چونکە ئێستا تەنیا ڕێی پیادەیە و بۆ بازرگانی پێویستی بە ڕێککەوتنە.''

جێی ئاماژەیە، جگە لە سنووری نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، چەند خاڵێکی دیکەی سنووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا ھەن؛ وەک خاڵی سنووریی سەرزێڕێ و بەرمیزە و شیروان مەزن، بەڵام ھێشتا ئەوانە فەرمی نین و هەوڵ بۆ بەفەرمییکردنیان هەیە.

قائید میرۆ