Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرمانگەیەکی چاکسازی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە دروست دەکرێت

 

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، بڕیارە فەرمانگەیەکی نوێ بە ناوی فەرمانگەی چاکسازییەوە دروست بکرێت، کە مەبەست لێی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عەمید(ھەڵگورد حیکمەت)، راگەیاند "پرۆژەی پێشنیازکراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەئێستادا لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کراوە، هەڵبەت بە لای سەرۆکی ھەرێمەوە پڕۆژەیەکی پەسندە و رازییە لەسەری، خۆی پێویستی بە دیراسەکردن ھەیە و رەنگە لە وردەکارییەکان ھەندێک گۆڕانکاری بکرێت ئەگەر پێویست بکات."

عەمید(ھەڵگورد حیکمەت) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتیشی، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە سێ ساڵی بۆ دانراوە، چونکە کاتی دەوێت تاوەکو جێبەجێ دەکرێت، وەزارەتێکی پرۆفیشناڵ دروست دەکرێت ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمان و مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکان دەکرێ و رێک‌دەخرێن، لەبەر ئەوە ئەمانە ھەمووی کاتی دەوێت.
(ھەڵگورد حیکمەت) دەڵێ، "لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە دروستکردنی ھێزێکی ئاسمانی ھەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە وردەکاری ھەیە لەوەی کە چۆن دروست دەکرێت، هەڵبەت ئەمە پڕۆژەیە و ھێشتا جێبەجێ نەکراوە."

(حیکمەت) ئاشکرایسی کرد، "بڕیار دراوە لەجیاتی ئەوەی لیژنەیەک ھەڵسێت بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، فەرمانگەیەک بە ناوی چاکسازی دروست دەکرێت و کاری ئەو فەرمانگەیە تەنھا جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەبێت لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، ئینجا ھەر بڕیارێک بدات دەدرێتە راوێژکارەکان و دەچێتە بەردەم وەزیر و دواتری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ھەرێم بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت."

بە بەشداریی وڵاتانی ھاوپەیمانی جەنگی دژ بە داعش کە ئەمەریکا رابەرایەتیی دەکات، پڕۆژەیەک بۆ ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە کە ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمانە، ئامادە کراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و پەسەندیش کراوە، ماوەتەوە ئەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم بڕیاری لەبارەوە بدات.

بڵند ئیبراھیم