Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیەندرایە کونسووڵخانەی بەریتانیا

هەولێر-KDP.info-  بە مەبەستى گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوخەمیى (مەسعوود بارزانى)، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم سەردانى کونسووڵگەریی گشتیی بەریتانیاى لە هەرێمى کوردستان کرد.

دوابەدواى کردەوە تیرۆریستییەکەى شارى مانچستەرى بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى 23ى ئایاری 2017، (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم بە مەبەستى گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوخەمیى (مەسعوود بارزانى)، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەردانى کونسووڵگەریی گشتیی بەریتانیاى لە هەرێمى کوردستان کرد و لەلایەن (جۆن شارپ)، کونسووڵى گشتیی بەریتانیا بە وەکالەت پێشوازى لێ کرا.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە نوێنەرایەتیى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و، بە ناوى گەل و حکوومەتى کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشیى ئاراستەى گەل و حکوومەتى بەریتانیا کرد و هاوخەمیى گەلى کوردستانی بۆ ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە و قوربانییەکانی دووپات کردەوە و هیواى زووچاکبوونەوەى بۆ بریندارەکان خواست. هاوکات جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەم ڕووداوە دەبێتە مایەى زیاتر سووربوون و کارکردنى هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا، کە دیاردەیەکى مەترسیدارە و هیچ سنوورێک نازانێت. ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ پشتگیرى و ڕۆڵى بەریتانیا لە شەڕی دژى تیرۆر و ئامادەین بۆ کارکردنى هاوبەش.

لەلایەن خۆیەوە (جۆن شارپ)، کونسووڵى گشتیى بەریتانیا بە وەکالەت سوپاس و پێزانینى دەبڕى بۆ پەیامى پرسە و هاوخەمیى  جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و گوتى، بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامە دەگەیەنینە لەندەن. گوتیشی، ئەمە یەکەم ڕووداوى تیرۆر نییە لە بەریتانیا و لە وڵاتانى ترى ئەورووپاش تیرۆریستان بەردەوام دژى خەڵکى سڤیل هەوڵى کردەوەى تیرۆریستییان داوە. تیرۆر بووەتە دیاردەیەکى جیهانى و  دەبێ بەردەوام بین لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و پشتیوانیى حکوومەتى خۆى بۆ شەڕی دژى تیرۆر دووپات کردەوە.

لە کۆتاییدا (فەلاح مستەفا) لە دەفتەرى تۆماردا یادداشتى بۆ ئەو ڕۆژە خەمناکە تۆمار کرد و هاوخەمیى سەرۆکى هەرێم و گەل و حکوومەتى کوردستانى بۆ ڕووداوە تیرۆریستییەکە دووپات کردەوە.