Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەعفەر شێخ مستەفا: ھیچ ھەماھەنگییەک نەکراوە پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی حەویجەدا بکات

هەولێر-KDP.info-  دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕزگارکردنی قەزای حەویجە نیزیک بووەتەوە، (جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە دەڵێ، ھیچ ھەماھەنگییەک بۆ بەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی حەویجەدا نەکراوە و دەشڵێت، ئەگەر پێشمەرگە بەشداری بکات، پێویستە ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و ھەرێم و ھاوپەیماناندا بکرێت.

(جەعفەر شێخ مستەفا)، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک ھێزی پێشمەرگە ئاگاداری دەستپێکردنی پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای حەویجە نین و لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ھیچ ھەماھەنگییەک لەگەل وەزارەتی پێشمەرگە نەکراوە، لەبەر ئەوەش بۆ بەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگە ھیچ پلان و فەرمانێک تا ئێستا دەرنەکراوە، کە لەو ئۆپەڕاسیۆنەدا بەشداری دەکەین، یان نا.''

(جەعفەر شێخ مستەفا) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەگەر بڕیاربێت ھێزی پێشمەرگە بەشداری لە گرتنەوەی قەزای حەویجەدا بکات، ئەوە پێویستی بە ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیماناندا ھەیە، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە نەکراوە و بەبێ ڕێککەوتن و ھەماھەنگیش، ھێزی پێشمەرگە بەشداری لە گرتنەوەی حەویجەدا ناکات، بەڵام نازانم لە داھاتوودا ئەو ھەماھەنگییە دەکرێت، بۆ ئەوەی بەشداری بکەین، یان نا.''

قائید میرۆ