Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خۆشەوی مەلا ئیبراهیم: ڕووسیا پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکات

ڕووسیا-KDP.info-  نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان  لە ڕووسیا باس لە داهاتووی کوردستان لە ناوچەکەدا دەکات و دەڵێت، تا دێت پشتیوانی لە پرسی سەربەخۆییی گەلی کورد زیاتر دەبێت و ڕووسیاش پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکات.

(خۆشەوی مەلائیبراهیم)، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووسیا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی زۆر گرینگدایە و ئاستی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لە جاران زیاتر پێش کەوتووە، پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەیە، لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لە گفتوگۆدایە بۆ پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و، لە ئاستی ڕووسیاشدا کوردستان جێی تایبەتی هەیە و ڕوڵی (سەرۆک بارزانی) بە بەرزی ڕادەگیرێت، زۆر حساب بۆ لێدوان و قسەکانی دەکرێت، لە ئاستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشدا ئێستا کوردستان پەیوەندیی زۆرباشی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا هەیە و دەیان سیناتۆر و گەورەبەرپرسی ئەمەریکا پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەن، لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیشدا کوردستان ژمارەیەکی بەهێزە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت دوای سەردانەکەی بۆ ئوردن (سەرۆک بارزانی) چاوی بە زۆر گەورەبەرپرس و ڕاوێژکار و کەسایەتیی سیاسیی عەرەب کەوتووە، کە لە داهاتوودا کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.''

نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووسیا گوتیشی: ''لە ئاستی سەربازیدا ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە قەڵغانی تێکشاکاندنی تیرۆر لە ناوچەکەدا و بووەتە بەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و زۆر کاری هاوبەش بە یەکەوە دەکەن، پڕۆژەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەش دانراوە، ئەمانە وادەکەن، کە کۆدەنگییەکی بەهێز دروست ببێت لەسەر پرسی پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، بەتایبەت گەلانی ئەمەریکا و ڕووسیا، پشتیوانی و پشگیریی گەلی کوردستان دەکەن. لە ساتی جیاشدا لە ڕووسیا پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەربڕدراوە و پشتگیری لێ دەکەن.''

(خۆشەوی مەلائیبراهیم) دەشڵێت: ''سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئوردن دڵی جیهانی عەرەبیی خستووەتە سەر لێواری پشتیوانی لە کوردستان، چونکە دەرکەوتووە کە هەرێمی کوردستان لێواری ئارامییە لە ناوچەکەدا.''

کارزان سەباح هەورامی