Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دەستکەوتی زۆر گرینگمان هەبوون

سلێمانی-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەسەر گۆڕی (نەوشیروان مستەفا) رایگەیاند، زۆر كاری ھاوبەشمان لەگەڵ (نەوشیروان مستەفا) ئەنجامداوە و ھەمیشە جێگای رێزبووە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (نێچیرڤان بارزانی) بەسەردانێك گەیشتە شاری سلێمانی و لە گردی زەرگەتە تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی (نەوشیروان مستەفا) دانا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەناوی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتی پارتی و حكوومەتی ھەرێم، ھاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی (نەوشیروان مستەفا) و ئەندام و لایەنگرانی گۆڕان كرد.

سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی: "گومان لەوەدانییە جیاوازی سیاسی لەنێوان ئێمەدا ھەبووە، بەڵام ئەگەر سەیری كارە ھاوبەشەكانمان بكەین، ھەر لە دروستبوونی بەرەی كوردستان لەگەڵ باوكم كاك (ئیدریس بارزانی) و دواتر لەگەڵ جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی)، ھەروەھا سەرخستنی راپەڕینی ساڵی 1991، كە پێكەوە پلانیان بۆ دانابوو، كە سەركەوتنیان بە دەستھێنا، پاشان لە نووسینەوەی دەستووری ھەمیشەی عێراقدا كاك (نەوشیروان) رۆڵێكی باڵای ھەبوو لەگەڵ جەنابی كاك (مەسعوود) و (مام جەلا) و برادەرانی دیكە، لەو وێستگانە دەستكەوتی گەورەمان بۆ گەلەكەمان بە دەستھێناوە، ھیوادارین لەمەودواش لەگەڵ گۆڕان و لایەنە سیاسییەكانی دیكە بتوانین كاری باشتر بكەین".