Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نیعمەت عەبدوڵڵا: "حەشدی شەعبی پابەندی یاسا و دەستووری عێراق نییە"

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حەشدی شەعبی پابەندی یاسا و دەستووری عێراق نییە و حکوومەت لە ڕەفتارەکانیان بەرپرسە، لەبارەی ھێرشەکانی حەشدی شەعبیشەوە بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، ئەوە پەیامێکە بۆ کورد، کە بەغدا دوای شەڕی داعش کێشە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروست دەکات.

(نیعمەت عەبدوڵڵا)، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەشدی شەعبی و سوپای عێراق چاویان بڕیوەتە خاکی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەو ئاسانییە ناھێڵێ کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمدا جێی خۆی قایم بکات. ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا حەشدی شەعبی لە شنگال پێشڕەویی کردووە، تەنیا بۆ شنگال نییە و لە شنگالەوە ھەتا چیای حەمرین و خانەقین ھەمان سیناریۆیان ھەیە و بەوە ناوەستن تەنیا چەند گوندێک لە شنگال داگیر بکەن، من وای بۆ دەچم ئەوە پەیامێکە بۆ کورد و ھەرێمی کوردستان تا لەوە دڵنیا بن، عێراق دوای کۆتاییی شەڕی داعش و گرتنەوەی مووسڵ و حەویجە کێشە بۆ ھێزی پێشمەرگە و کورد لە ناوچەی مادەی ١٤٠ دروست دەکات.''
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتاران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەڵوێستی عێراق لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانەوە زۆر خراپە و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان ئەوە لەبەرچاو بگرن و ھەڵوێستێکی یەکگرتوویان ھەبێت، لەبارەی پێشڕەوییەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، بەتایبەت دوای شەڕی داعش کێشە بۆ ناوچەکە دروست دەکرێت و دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.''

(نیعمەت عەبدوڵلا) گوتیشی: ''حەشدی شەعبی پابەندی یاسا و دەستووری عێراق نییە، بەڵام حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسە، چونکە بە گوێرەی یاسا کراوەتە ھێزێکی فەرمی و لەژێر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە، لەبەر ئەوەش ھەر ڕەفتارێک لە لایەن حەشدی شەعبیەوە بکرێت، ئەوە حکوومەتی بەغدا لێی بەرپرسە و چەند ڕۆژێک پێشتر (حەیدەر عەبادی)، خۆی ھۆشداری داوەتە حەشدی شەعبی و ئەوانیش تا ڕادەیەک لێی ناڕازین.''

قائید میرۆ