Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەلۆ: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئوردن دەرگایەکە بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان

هەولێر-KDP.info-  (سەلاح دەلۆ)، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتی ئوردن دەڵێت، سەردانی (بارزانی) بۆ ئوردن دەرگایەکە بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان.

(سەلاح دەلۆ)، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''(سەرۆک بارزانی) بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن کۆڕبەندی ئابووریی جیهانەوە بۆ ئوردن بانگهێشت کراوە و لەوێ کۆمەڵێک دیدار و گفتوگۆ ئەنجام دەدات. ئوردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتێکی گرینگە و کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر گۆڕانکاریی سیاسیی ناوچەکە هەیە و، زۆریش بەبایەخەوە لە ڕوانگە و هەنگاوەکانی (سەرۆک بارزانی) دەڕوانن، زۆر جار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕاوێژی پێ دەکرێت، بۆیە سەردانی بۆ ئوردن جیا لەوەی پەیوەندیی هەردوولا بەهێز دەکات، پشتیوانی بۆ دۆزی کورد و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستانیش باش دەبێت و دەرگایەک دەبێت بۆ کردنەوەی پەیوەندیی تازە لەسەر بنەمای تازە لەپێناوی سەربەخۆییی کوردستاندا.''

(دەلۆ) گوتیشی: ''دڵنیام کە ئوردن یەکێک لەو وڵاتانە دەبێت کە پشتیوانی لە گەلی کوردستان و پرۆژەی سەربەخۆییی کوردستان و ڕیفراندۆم دەکات، کە سەردانەکەی (بارزانی) ڕێکخستووە و لەوێش بەفەرمی پێشوازیی لێ کرا، بۆیە چاوەڕوانین ئۆردن پشتیوانیی فراوان لە دۆزی کورد بکات.''

هاوکات (عەلی حوسێن) بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانەکەی (بارزانی) لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شای ئوردن و كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان بووە، (بارزانی) لەم دیدارانەدا پرسی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییان لەسەر بابەتی ئابووری تاوتوێ دەکات. هەروەها بابەتی شەڕی تیرۆر و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەش دەخاتە بەرباس، بە تایبەتی لەم دواییانەدا کە هێزی پێشمەرگە توانیویەتی سنوورێکی زۆر فرەوان لە بن دەستی داعش دەربهێنێت.''

(عەلی حوسێن) ئەوەشی دووپات كردەوە: ''سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە فەرمی پرسی سەربەخۆییی کوردستان دەگەیەنێتە وڵاتی ئوردن، لە دیدارەکانیشیدا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی پرسی ڕیفراندۆم دەخاتەڕوو، کە ئەمساڵ کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە و گەلی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات.''

ڕۆژی پێنجشەممە 18ی 5ی 2017 (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (شا عەبدوڵڵا)، شای ئوردن و بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە دەریای مردووی ئۆردندا سەردانی شانشینی ئوردنی كرد.

کارزان سەباح هەروامی