Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەر شەشۆ: هەموومان پێویستیمان بە سەرۆک بارزانی هەیە؛ پشتگیری ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەین

شنگال-KDP.info-  (حەیدەر شەشۆ) فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدی دەڵێ، هەموومان پێویستیمان بە (سەرۆک بارزانی) هەیە، وەک هێزی پاراستنی ئیزدیخان و پارتی دیموکراتی ئێزدییش پشتگیری تەواو لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین.

"پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین"
(حەیدەر شەشۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان بۆ دوای قۆناغی ریفراندۆمیش لە ئامادەباشی دابن بۆ ئەوەی داخوازییەکانی گەلی کورد و کوردستان بە تەواوی جێبەجێ بکرێ و وەک وڵاتانی دیکەی جیهان کوردستان سەربەخۆیی وەربگرێ و، وەک دەوڵەت خۆی بەڕێوەببات. دەشڵێ، پارتەکەیان بەتەواوەتی پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکات، هەڵبەت تەواوی خەڵکی کوردستانیش پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، لە داهاتوویەکی نزیکدا ریفراندۆم دەکرێ و ئێمەیەش وەک هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان دەبینە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

"دەبێ شنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی بەشداری لە ریفراندۆم بکەن"
لەبارەی دەڤەری شنگالیشەوە بۆ ریفراندۆم، (حەیدەر شەشۆ) رایگەیاند کە دەبێ شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداری لە ریفراندۆم بکەن، وەک چۆن خەڵکی شارەکانی  هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە مافی بەشداریان لە ریفراندۆم هەیە دەبێ خەڵکی شنگال و خانەقین و ناوچەکانی دیکەیش وەها مافی بەشداریان لە ریفراندۆمدا هەبێ.

"پشتگیری لە سەرۆک بارزانی دەکەین"
(حەیدەر شەشۆ) رایگەیاند، گەلی کورد و هەموومان پێویستیمان بە (سەرۆک بارزانی) هەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، کەسێکی شیاو کە ئەمرۆ بتوانێت هەموو ئەم پلان و کارانە بەڕیوەببات بۆ سەربەخۆیی (سەرۆک بارزانی) یە کە دەتوانیت ئەم قۆناغە بەڕێوەببات و هەموومان پاڵپشتی دەکەین، بۆ ئەوەی مافی گەلی کورد وەک هەموو گەلانی دونیا دیاری بکات.
لەبارەی هێزی پاراستنی ئێزدیخانیشەوە (شەشۆ) روونی کردەوە، بە شیوەیەکی فەرمیی و بە بەڵگە بڕیاردراوە  هێزی پارستنی ئێزدیخان بکەوێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا نەکەووتوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواخراوە، بەڵام لەلایەن (سەرۆک بارزانی) پەسەند کراوە بکەوێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هۆکاری دواخرانیشی بۆ پڕچەککردن و مەشقدان دەگەڕێتەوە.

"شانبەشانی پێشمەرگە بەشداری لە رزگارکردنی شوێنەکان دەکەین"
سەبارەت بە رزگارکردنی ئەو شوێنانەی کە ماون لە دەڤەری شنگالدا، (حەیدەر شەشۆ) گوتی، هێزی پاراستنی ئێزدیخان شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری لە رزگارکردنی ئەو شوێنانە دەکات کە هێشتا رزگار نەکراون و رزگارکردنی ئەو شوێنانەیش چەند حەفتەیەک دەخایەنێ.

"حەشدی شەعبی سەرپێچی کرد"
لە بارەی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ باشووری شنگال فەرماندی هێزی پاراستنی ئێزدیخان گوتی، بەداخەوە حەشدی شەعبی سەرپێچی کرد لەو رێککەوتنەی کە هەبوو.

کاروان باعەدری