Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: حەشدمان ئاگادار کردووەتەوە سنووری کوردستان نەبەزێنن


شنگال-KDP.info-  جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەبوونی حەشد لە نیزیک شنگال نائارامی دروست دەکات، بەڵام ئاگاداریشیان کردوونەتەوە سەرئێشە و گرفت بۆ شارەکە دروست نەکەن.

(سالار محەمەد جەباری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال جێگر بوون و دەچنە هەرشوێنێک گرفت دروست دەکەن، چونکە یەک بڕیاری مەرکەزییان نییە، دەیان گرووپن، ئاگادارمان کردوونەتەوە، کە سنووری کوردستان نەبەزێنن، گرفت لە شنگال دروست نەکەن و کار نەکەن بۆ تێکدانی ئارامیی سنوورەکانی شنگال، دەنا هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر کوردستان قبووڵ ناکرێت و دۆخی شنگالیش ئەوە هەڵناگرێت پەکەکە لە لایەک و حەشد لە لایەکی دیکەوە کار بۆ تێکدانی بکەن، بەتایبەت پەکەکە دەیەوێت هێڵێک بکاتەوە تا لەو سنوورەدا بگاتە حەشدی شەعبی.''
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتی: ''بە هەر بیانووێک بێت مانەوەی هەر هێزێک کە کاریگەریی خراپ لەسەر دۆخی کوردستان دروست بکات، قبووڵکراو نییە، بۆیە ناکرێت هیچ هێزێکی دیکە لە سنووری پێشمەرگەدا هەبێت.''
(سالار محەمەد جەباری) ئەوەشی خستەڕوو: ''لە شنگال هەندێک ناوچە هەیە، کە دەبێ پێش ئازادکردنەوەی حەویجە، ئەو ناوچانە ئازاد بکرێنەوە بۆ ئەوەی هاتوچۆی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بپچڕێنرێت.''


کارزان سەباح هەورامی