Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شای ئوردن كۆبۆوە

ئوردن-KDP.info-  لە یەكەمین وێستەگەی سەردانیدا بۆ شانشینی ئوردن (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ (شا عەبدوڵڵا) پادشای ئوردن كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوە دوو قۆڵییەدا هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و شەڕی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرد.

ڕۆژی پێنجشەممە 18ـی 5ــی 2017 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (شا عەبدوڵڵا) پادشای شانشینی ئوردن و بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی ئۆردن سەردانی شانشینی ئۆردنی كرد و لە فڕۆكەخانەی ئەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن لە لایەن شاندێكی حكوومی و سەربازیی ئەو وڵاتە پێشوازی كرا كە پێكهاتبوو لە (ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن) و (عەبدوڵڵا وریكات) ڕاوێژكاری پادشای ئوردن و وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن و پارێزگاری ئەممانی پایتەخت و نوێنەری هێزە چەكدارەكانی وڵاتی ئوردن.

لە یەكەمین وێستەگەی سەردانیدا بۆ شانشینی ئوردن (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ (شا عەبدوڵڵا) پادشای ئوردن كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوە دوو قۆڵییەدا هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و شەڕی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرد.
هەر نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ نیوەڕۆخوانێك لەسەر شەرەفی (سەرۆك بارزانی) لە لایەن (شا عەبدوڵڵا) پادشای ئوردن ڕێكخرا و لەو نیوەڕۆخوانەدا (ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن) و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی ئوردن و سەرۆكی ئەركانی سوپا و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە ئامادە بوون.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ (مەسعوود بارزانی) بە مەبەستی هەواڵپرسین و بەسەركردنەوەی چەند پێشمەرگەیەكی بریندار سەردانی نەخۆشخانەی شاری پزیشكیی ئەلحوسێن كرد و لە نزیكەوە هەواڵی باری تەندروستیی پێشمەرگە بریندارەكانی پرسی و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ خواستن كە لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.