Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ کاتی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە ھەرێمدا دیاری کرد

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستاندا لە ١٥ ڕۆژەوە بۆ ٣٠ ڕۆژ زیاد کرد و دەستەی گشتیی گەشتوگوزاریش پێی وایە، بڕیارەکە ئەرێنییە و  زۆری کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستاندا دەبێت.

(نادر ڕۆستی)، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی گەشتیارانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستاندا لە ١٥ ڕۆژەوە بۆ ٣٠ ڕۆژ زۆری کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری و مانەوەی گەشتیارانی ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا دەبێت، چونکە پێشتر بەھۆی کەمیی ماوەی مانەوەوە گەشتیاران نەیاندەتوانی لەو ماوە کەمەدا ھەموو شارەکانی ھەرێم و شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر بکەنەوە، بەڵام دوای ئەو بڕیارە بێگومان کاتی زیاتریان پێ دەدرێت و بە بڕیارێکی ئەرێنی دەبینین.''

(ڕۆستی) گوتیشی: ''تا گەشتیار زیاتر لە ھەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، زیاتریش خەرجی دەبێت و  لەبەر ئەوە بڕیارەکەی وەزارەت دەرفەتێکی دیکەیە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری گەشە بکات و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ھەنگاو بنێت، ئێمە بە بڕیارێکی ئەرێنی دەبینین، بەتایبەت سزای مانەوەش دوای تەواوبوونی مۆڵەتی٣٠ ڕۆژەکە کەمتر کراوەتەوە، ئەوەش یەکێکە لە خالە گرینگەکانی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ.''

قائید میرۆ