Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد خورشید: دەمانەوێ لە کەرکووک کۆدەنگی بۆ ڕیفراندۆم دروست بکەین

کەرکووک-KDP.info-  بڕیارە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بەرپرسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت و بەرپرسی لقی سێی پارتیش لە کەرکووک دەڵێت، بە شێوەیەکی هێمنانە دانوستان لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک دەکرێ، بۆ ئەوەی بە سازدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک ڕازی بن.

(د. محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لایەنە کوردستانییەکانی شاری کەرکووک لە بارەگای سەرکردایەتیی پارتیمان کۆبونەوەیەکیان بەڕێوەبرد و تێیدا بڕیار درا، شاندێک لە پەیوەندییەکانی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێک بێت، بۆ ئەوەی سەردانی لایەن و پێکھاتەکانی دیکەی سنووری پارێزگای کەرکووک بکەن، چونکە مەبەست لە دروستکردنی شاندەکە بۆ ئەوە بوو تا بۆچوونی گشت لایەن و پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووک دەربارەی دواڕۆژی پارێزگای کەرکووک و پێکەوەژیان و گونجان بزانین، جگە لە بزۆتنەوەی گۆڕان، کە ئامادە نییە لەگەل لایەنە سیاسییەکان دەربارەی پرسی ڕیفڕاندۆم و کەرکووک لە ھیچ کۆبونەوە و شاندێکدا بەشدار بێت، ھەموو لایەنە کوردییەکانی دیکە بەشدارن.''

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ئاماژەیشی دا: ''ھەتا ئێستا شاندی ھاوبەشی لایەنەکانی کورد بە شێوەیەکی ئاسایی سەردانەکانیان دەست پێ کردووە و سەردانی بەرەی تورکمان و پێکھاتەکانی عەرەب و چەندین لایەنی سیاسیی کەرکووکیان کردووە و ھەمووشیان پێشوازییان لە شاندی کورد کردووە و بە شێوەیەکی ھێمنانە دانوستان بەردەوامە، تا بە ھەموو لایەک بتوانین کەرکووکیش لە پرسی ڕیفڕاندۆمدا بەشدار بکەین و، کەرکووک ھەروەک ئێستا بە شاری برایەتی و پێکەوەژیان بمێنێتەوە.''

(د. محەمەد خورشید) دەشڵێت: ''ھەنگاوەکانی ئێمە لەو بارەیەوە بەردەوام دەبێت و دەمانەوێت، کۆدەنگییەک دەربارەی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و داھاتووی چارەنووسی شاری کەرکووک دروست بکەین، بڕیاریشە کۆبوونەوەیەکی فراوان و باڵا لەسەر ئاستی بەرپرسە یەکەمەکانی شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی ئێستا تەنیا ئامادەکارییە بۆ کۆبوونەوە فراوانەکەی داھاتوو.''

قائید میرۆ