Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی پێشوازیی لە بنەماڵەی شەهید مەغدید هەرکی کرد

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی)، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازیی لە بنەماڵەی شەهیدی قارەمان، (مەغدید هەركی) كرد.

(فازڵ میرانی) بە گەرمی بەخێرهێنانی بنەماڵەكەی شەهید (مەغدید)ی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم سەردانەیان دەربڕی و تەئكیدی كرد، كە میللەتی كورد هەردەم قوربانیی داوە و قوربانییش دەدات بۆ پاراستنی بەهاكانی و ناسنامەی و دیاركردنی چارەنووسی خۆی وەكو هەموو گەلان و، ئێمە شانازی دەكەین بە قارەمانەتی و مێرخاسیی شەهید (مەغدید) و هەموو شەهیدانی كوردستان، كە گیانی خۆیان لەپێناو كورد و كوردستاندا بەخت كرد.

هەروەها سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بەوە دا، كە هەموو كات شەهیدانمان لەیادن و لەبیر ناكرێن و، هەرچی بۆیان بكرێت كەمە و بنەماڵە و خێزانی شەهید هەردەم جێگای ڕێزن و ئێمە شانازییان پێوە دەكەین.

لە لای خۆیانەوە بنەماڵەی شەهید (مەغدید هەركی) دووپاتیان كردەوە، كە هەردەم لەسەر ڕێبازی (بارزانی نەمر)، كە ڕێبازی كوردایەتییە بەردەوام دەبن و وەك بنەماڵەی شەهید شانازی دەكەن و سەربەرزن، كە لەو پێناوەدا شەهیدیان داوە.