Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کاکەحەمە: بە عێراقییەکانمان گوتووە، بەزاندنی سنووری خاکی کوردستان هێڵی سوورە

 

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری حزبی سۆسیالیست‌دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ناکرێت هیچ هێزێکی عێراق ببێتە هەڕەشە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و "کاتی ئەوە هاتووە گەلی کوردستان بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات".

(محەممەدی حاجی مەحموود)، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جیددییەتی سازدانی ڕاپرسی بۆ سەبەخۆیی باشووری کوردستان وەبیر دێنێتەوە و گوتی: "کاتێک من لەگەڵ شاندی (بارزانی) بۆ داڤۆس بەشداریم کرد، (بارزانی) لە دیداریدا لەگەڵ نوێنەری وڵاتان راشکاوانە باسی لە چارەنووسی گەلی کوردستان و بڕیاری گەلی کورد کرد؛ بە نێردەی تایبەتی (ترەمپ) و ئیدارەی ئەمەریکایشی گوت کە گەلی کوردستان لە ئان و ساتی بڕیاری خۆیەتی، ئەوانیش هیچ کامیان دژایەتی یان لارییان نەبوو لە قسەکانی (بارزانی)، بە خۆشحاڵیشەوە گوتیان بڕیاری گەلی کوردستان هەرچیی بێت قبووڵیانە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لەمساڵدا ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان بەڕێوە دەچێ چونکە مافی گەلی کوردە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. گەورەبەرسانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دواتر ئەمەیان لە وێستگە جیاکان ڕاگەیاندووە.
وەک سکرتێری حزبی سۆسیالیست‌دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، بڕیارە بۆ ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، سەرکرداریەتیی سیاسی کوردستان بڕیاری داوە کە ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە و گوتی، "دەرفەتێکی باش بۆ گەلی کوردستان هاتووەتە پێشەوە تا لەو رێگایەوە بڕیاری خۆی بدات، گەلی کوردستان هەموو رێگایەکی تاقی کردەوە، هەموو ئەزموونێکی بینووە، بەڵام هەموو ئەگەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەهێزترین بژاردە بۆ ئێستای کوردستان ڕیفراندۆمە، خۆی ئەمە بە راشکاوانە بە بەغدایش گوتراوە."

(محەممەدی حاجی مەحموود) کە بە (کاکەحەمە) ناسراوە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، گەلی کوردستان چاوەڕوان ناکات تا کەی بەغدا مووچە، یان پۆستێک یان بڕیارێک بدات، بەغدا خۆیشی نازانێت پاشەڕۆژەکەی چۆن و چی دەبێت!، ئەو دەڵێ "ئەمڕۆ داعش بوو سبەی گرووپێیکی دیکە دەبێت، واتا عێراق نەیتوانیوە مانەوەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات، هەردەبێت ڕۆژێک بێت گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، جا ئەگەر ئێستا بدرێت باشترە کە هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانەوە پشتیوانی دەکرێن، کوردستان لەلایەن جیهانەوە بە سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ناسراوە، واتا ئێستا جگە لە گەلی کوردستان خۆی، وڵاتانی بڕیاربەدەست لە ویستی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆییەکەی ڕێگری ناکەن".

لەهەرشوێنێک کورد هەبێ، مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەمە ئەو پرسە جیددییەیە کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سازدانی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، لە مـێدیاکاندا باسی لێ دەکرێ و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش لە بۆنە جیاکاندا ڕایگەیاندووە کە گەلی کورد ئەو مافەی هەیە، لەمڕووەوە (کاکەحەمە) دەڵێ، "ئەگەر هاتوو ڕاپرسی بکرێت، دەبێت لە هەموو سنووری باشووری کوردستان بێت، چونکە کوردستان بەبێ کەرکووک و شنگال و دیالە و خانەقین و ناوچەکانی دیکە سنووری راستەقینەی نییە، سنووری کوردستان تا دەگاتەوە ئەودیوی چیای حەمرین خاکی کوردستانە، خەڵکی ئەو ناوچانەش بڕیاری خۆیان داوە و دەیانەوێت لە رێگای ڕاپرسییەوە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو ناوچانە ناوچەیەک نین کە پێشمەرگە یان کوردستان داگیری کردبن، بەڵکو سنووری کوردستانن و داگیر کراون کە ئێستا پێشمەرگە دەیانپارێزێت، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە مساوەمە لەسەر یەک بست لە خاکی کوردستان ناکەین."

زیاتر گوتی "بە هەموو هێزە عێراقییەکانمان گوتووە، بەزاندنی سنووری خاکی کوردستان و پێشمەرگە هێڵی سوورە، ناکرێت ئەو سنوورانە ببەزێنرێن. ئێستا واباس دەکرێت حەشدی‌شەعبی هێنراوە بۆ سنووری شنگال، هەلبەتە تائێستا هیچ کاردانەوەیەکی خراپیان نەبووە، قسەی باشیشیان کردووە و دەڵێن لەگەڵ پێشەرگە براین، بەڵام لە هەر ئەگەرێکی دروستکردنی خروقات لە سنووری کوردستان، رێگا پێنەدراوە و قابیلی قبووڵکردنیش نییە".


سکرتێری حزبی سۆسیالیست‌دیموکراتی کوردستان داوایشی لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانە لە پامی خەڵکی کوردستان تێبگەن و گوتی، "خەڵکی کوردستان بۆیە دەیان ساڵە خەبات و تێکۆشانی کردووە و خوێنی ڕشتووە، تا بە نەمانی ڕیککەوتنی سایکس-پیکۆ بگات بە ئاواتەکانی، دەبێت قۆناغی داهاتووی گەلی کوردستان قۆناغی وەرچەرخان بێت لە مێژوودا، ئیتر کاتی داگیرکاری و گەڕانەوە بۆ سەنترالیسیتی نەماوە، باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی هێزە سیاسییەکان بڕیار لە کاتی دیاریکردنی راپرسی بدەن، داوایش دەکەین کە نوێنەرایەتیی وڵاتان بۆ چاودێری ڕاپرسی دیاری بکرێت، تا لە نزیکەوە لەسەر شێوەی بەڕێوەچوونەکە چاودێری بکەن، هەرچەندە ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەم پرسە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان باس کراوە، گرینگە ئەوان و بە چاودێریی ئەوان ئەم پرسە یەکلا ببێتەوە."

بەئاماژەیەکی کورت و یەکلاکەرەوە باسی لە ڕوانگا و هەڵوێستی لایەنەکانی عێراق کرد پیوەست بە بابەتی راپرسی و گوتی کە، هیچ لایەنێکی عێراق رەنگە بە راستەوخۆ لەگەڵ ئەوە نەبێت کە رێفراندۆم ئەنجام بدرێت و ڕایگەیاند، "بەشێکیان پێیمان دەڵێن بڕۆن لێمان جیا ببنەوە، بەشێکیان پێیمان دەڵێن ئێوە دۆستن و لە عێراقدا بمێننەوە، بەڵام ئەوە گەلی کوردستانە بریار دەدات؛ کاتێکیش ڕاپرسی کرا و خەڵک دەنگی دا، ئەوکاتە ئەمری واقع دەست پێدەکات، وەک چۆن ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بوو بە ئەمری واقیع و کەسیش ناتوانێت لە دژی ئیرادەی گەلی کوردستان بوەستێتەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانەکەشی هەمیشە جەخت دەکەنەوە لەوەی، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئەو بنەمایەش گفتوگۆی جیددی پێوەست بە ڕاپرسی لەگەڵ بەغدا دەستی پێ کردووە و بەردەوامیش دەبن، هەروەها گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و بڕیاربەدەستانیش بەدوادا دێ.
(کاکەحەمە) دەڵێ "رەنگە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە لەلایەن شاندی باڵای راپرسی ئەنجام بدرێت و، رەنگە سەردانی وڵاتانی دیکەش لەو بارەوە بکرێت، چونکە گرینگە پێش کاتی دیاریکردنی راپرسی وڵاتان ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش پێش کاتی دیاریکراو نوێنەری خۆیان بنێرن. لە کوردستانیش ئێستا بەشێکی زۆری حزبەکان نوێنەری خۆیان بۆ لیژنەی راپرسی دیاری کردووە، هەڵبەت ئێمە پێیمان باشە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشدار بن لەو پرسەدا، چونکە ئەمە بەرپرسیارەتیی مێژووییە و ناکرێت هیچ لایەنێک یان هیچ کەسێک لە دژی بوەستێتەوە یان لەمپەری لەبەردەم دابنێن."

کارزان سەباح هەروامی