Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکگۆرک جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی و ڕاهێنانی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە کردەوە

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش (برێت مەکگۆرک) کرد و لە دیدارەکەدا (مەکگۆرک)  وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی و ڕاهێنانی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كردەوە.

ڕۆژی دووشەممە 15ـی 5ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (برێت مەكگۆرك) نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (دۆگلاس سلیمان) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (كین گرووس) كونسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە شاری مووسڵ خرایە بەر باس و بیروڕایش لەبارەی تەحەدیاتی قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی و ڕاهێنانی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كردەوە.
هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئایندە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و هەنگاو و پلانەكانی تێكشكاندنی داعش لە سووریا تاوتوێ كرا.