ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیێنێت، ھەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دروست كراوە، كە چەندین گۆڕانكاری لەو وەزارەتەدا کردووە و ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمانە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، عەمید (ھەڵگورد حیكمەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەیكەلێكی نوێ لە لایەن ھاوپەیمانان و لیژنەی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشنیاز كراوە، كە گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت و ئەمەیش دوای ئەوەی لە لایەن حكوومەت و سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستانەوە ڕەزامەندیی لەسەر دەدرێت.''
(حیكمەت) گوتی: ''ھاوپەیمانان ئەو ھەیكەلەی وەزارەتی پێشمەرگەیان بە جۆرێك دروست كردووە، كە ھاوشێوەی ھەیكەلی وڵاتانی ھاوپەیمان و بە شێوەی ستانداردی جیھانییە، كە بەمەیش گۆڕانكاریی ھەیكەلەكە لە وەزارەتەوە دەست پێ دەكات و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو ھەموو ھێزی پێشمەرگە.''
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی كردەوە: ''ھاوپەیمانان و لیژنەی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ حكوومەتدا دانیشتوون و ئێستا پڕۆژەكە لای ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ دەوڵەمەندكردن و پەسەندكردنی، دواتریش ڕەوانەی وەزارەتی ناكەنەوە، بەڵكو ڕەوانەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی دەكەن، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدات و فەرمانی پێ دەربكەن.''
سەبارەت بەبڕیاری دروستكردنی یەكەی دژەكیمیایی لە ھەر لیوایەكی ھێزی پێشمەرگەدا گوتی: ''ئەو گۆڕانكارییەی كە دەكرێت، لە ھەیكەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبێت، ئێمەیش ئێستا ئەو یەكەیەمان ھەیە، كە ئەمساڵ دروست كراوە و ھاوپەیمانان ڕاھێنانیان پێ كردوون و لە داهاتوودا و لە ھەیكەلی نوێدا بۆ ھەر لیوایەك یەكەیەك دروست دەكرێت.''
بڵند ئیبراھیم