Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەهریمەنانی مەرگهێن و دێوەزمانی شەڕانگێز

جه‌زای شێخ ڕه‌زا

بڕوام نییە کە هیچ ئاقڵمەندێك ئەوە نەزانێت، کە کۆمەڵگاکان بۆ چارەسەری هەر کێشەیەك لە هەر لایەنێکی ژیانیاندا، جگە لە بیرکردنەوە و بڕیاری دروست، پێویستیان بە کۆمەڵێك دامودەزگا هەیە کە کارەکانیان هەڵسوڕێنێت.

هەموو خوێندنه‌وه‌ و تێخوێندنه‌وه‌کانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەوە بوونی دەوڵەتە، باشترین زەمینە بۆ ڕەخساندنی ئەو دامودەزگایانە دێنێتە بوون.

بۆیە لەخۆڕایی نییە کە نەتەوە جیاوازەکان هێندە خەباتیان بۆ پێکهێنانی قەوارەی سەربەخۆ و دەوڵەتە و کە پێکیشیان هێنا هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی و پێشخستنێتی. لەمپەڕی دنیاوە تا ئەوپەڕی، نەتەوەیەك نابینیت پێچەوانەی ئەمەی کردبێت و بیکات، ئەدی خێرە لە نێو نەتەوەکەی مندا، هەندێك کەسی کینگڵخواردوو لە هەستی خۆبەکەمزانیندا، دەیانەوێت هەرچۆنێكبێت پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنن؟!
ئەز جارێکی تریش گوتوومە؛ تۆ کە پارتی و بارزانیت بۆ حوکمداری لا په‌سه‌ند نییه‌، ئاره‌زووی خۆته‌ و له‌وه‌دا ئازادیت. به‌ڵام که‌ ئه‌و لاپەسەندنەبوونەت بتگەیەنێتە ئاستێکی وا کە هەموو چالاکییەکانت بکەیتە بانگه‌وازی ڕێگه‌گرتن له‌ پێکهێنانی قەوارەی سەربەخۆ و بونیادنانی ده‌وڵەت، ئیدی لە بە ناپەسەندزانینی بەرانبەری تێدەپەڕێنیت و هەستی سەدان هەزار کوردی ئاشقی ژیان بریندار دەکەیت، بۆیە بانگەشەکانت هیچ مانایەكی ئەرێنییان بۆ نامێنێتەوە، ئەوە نەبێت کە دەبنە کارێکی ناماقووڵ و دەکەونە بەرەی نەیارانی ڕەوتی گەشەی سروشتیی نەتەوەوە.
کاکی خۆبەخوێندەوارزانی ئاکادیمیست (کە من لێرەدا لەبەر دوورکەوتنەوە لە پەیدابوونی چەلەحانێیەك کە هیج سوودێکی تێدا نییە، ناوت ناهێنم)، ئەگەر بە حەز، توانا و هەوڵی خۆت پێیگەیشتوویت و بڕوانامەکەت بە (عولوج)ـی بە دەست نەهێناوە، دەبێت بزانیت؛
بوونی (دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆ) خاڵی دەستپێکی چوونە سەر شاڕێی شارستانێتییە. ئیدی بە چ ئاوەزێك هەوڵی ئەوە ئەدەی بە تێزی جۆراوجۆری ئاڵۆزی دوور لە هەموو زانستیبوونێك، پێچەوانەی ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستە بسەلمێنیت. مەگەر نازانی ئەوە تەنها هەڵەیەك نییە کە لە سنووری خۆتدا بێت، یان ناچێتە خانەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنە لە کارەکانی بارزانییەوە(کە بە داخەوە زۆرجار تێکەڵ کراون بە بوختان و جنێو و بەوەش هەرچی خەسڵەتی ئاکادیمی هەیە تیایدا نەماوە).
بەڵکو دەبنە هەوڵێك بۆ نەهێشتنی پێکەوەنانی خانەیەك بۆ کوردان و هێشتنەوەیان بۆ تاهەتایە لە دەرەوەی مێژوودا. هەوڵێکە بە پێچەوانەی ئەو تەوژم و شەپۆلەیە، کە دەیەوێت ئەو تەوقی خۆگرێدانە بە دەورووبەرەوە کە سەدان ساڵە کراوەتە ملی کورد، بشکێنێت و ئەم نەتەوەیە لە مەوالێتی قوتار بکات.
ئەم بۆچوون و بانگەشانەی کە بە دژی شەپۆلی سەربەخۆیی بڵاو دەبنەوە، جگە لەوەی ڕاکێشکردنی خەڵکییە بۆ ناو شەوەزەنگی کەلتووری داگیرکەران، لابرنی نەتەوەیە لەو شاڕێیەی بە شارستانیبوونی و بردنی بە لاڕێیەکیدا، کە ساڵەهای ساڵ ئەهریمەنانی مەرگهێن و دێوەزمانی شەڕانگێز، خۆیان تێدا مەڵاس داوە و لە کەمیندان و زۆر بە ئاسانی توانیویانە سەدان جار ماڵوێرانمان بکەن و بارانی مەرگبەسەرماندا ببارێنن.
ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌ مافی سه‌ربه‌خۆبوونی کورد نییه‌ و له‌ هۆش و ده‌روونی خۆیدا بڕیاری داوه‌ کۆیله‌ بێت، هه‌میشه‌ بۆ به‌هانه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێت که‌ ئه‌وه وه‌کو چاره‌نووسێكی وا بۆ خۆی و خەڵکی نیشان بدات، کە دەستکاری ناکرێت.
که‌ ئه‌وه‌شی ئاوا سه‌یر کرد، ئیدی بێئومێد ده‌بێت له‌ هه‌موو هه‌وڵێك که‌ له‌و بواره‌دا ده‌درێت. ئەو بانگەشانەی ئێوەومانانیش، ئەگەر پێشتر کرێکەیتان وەرنەگرتبێت (کە ئەوەیان ئەوپەڕی نەنگییە)، لە ڕاستیدا شتێک نین جگە لە وەدەرخستنی هەست، باوەڕ و باری کۆیلەبوونی ناختان بۆ کەلتوور و هێزی داگیرکەران، کە ئەمەش خەوشی و کەماسییەکی وایە بە ڕێکخستنی گوتارەکان و ناوهێنانی ئەم زانا و ئەو بیرمەند ناشاررێتەوە و شورەییەکیشە بە تێگرتنی بەرگی پێویستیی بابەتی، هەنووکەیی و چی و چی ناڕاێنرێتەوە.