Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پرسیارگەلێك لە پەكەكە

ئاریان فەرەج

پەكەكە دژی سەربەخۆییی كوردستان و كوردایەتییە و بە راشكاوی دەڵێ كوردایەتی فاشیزمە و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دابەشكردنی زیاتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە لایەن (ئیمپریالیزم)ەوە و، تا بتوانین رێگری لێدەكەین.

دەڵێن ئاڵای كوردستانمان ناوێ و ئاڵای گەلانی ناوچەكە بەرز دەكەینەوە. دەڵێن پارێزگاری لە یەكپارچەیی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوین دەكەین و لە (كانتۆن) باڵاتر ناهێڵین بێتە ئاراوە. دەڵێن دەبێ نەتەوەی كورد لە ناو (نەتەوەی دیموكراتیك)ی ناوچەكەدا بتوێتەوە.

لەسەرینی ئەم هەڵوێستەوە، پرسیارگەلێكی رەوا و بێ وەڵام یەخەی ئەو حزبە دەگرێت، كە رەنگە ئەمانەی خوارەوە هەندێكی بن:

- ئەگەر دژی سەربەخۆییی كوردستان بوون، سی ساڵ بە ناوی سەربەخۆییی چوار پارچەی كوردستانەوە، رۆڵەی ئەم میللەتەتان لە پێناوی چیدا بەكوشت دا و هێشتایش بەكوشت دەدەن؟

- ئەگەر نە دەوڵەت و نە ئازادی و نە دین و نە وڵات و نە ئاڵاتان دەوێ، ئەدی دۆز و ئامانجی ئێوە چییە؟

- كە خۆتان بە حزبێكی كوردی نازانن و كوردایەتیتان بە لاوە فاشیزمە و سەركردەكانتان نیوەی توركن و نیوەی كوردی نازانن، بۆ دەبێ سوتەمەنیی شەڕە عەبەسی و بێ ئامانجەكانتان، رۆڵەی كورد و كوردستان بن؟

- دروشمی (نا بۆ دەوڵەت، نا بۆ خێزان و خانەوادە، نا بۆ ئاڵا و سەروەری، نا بۆ دەسەڵات و دامەزراو) كە بەرزتان كردووه‌تەوە، جگە لە بەڕەڵایی و بێ سیستمی و ئەنارشیست و وەحشیگەریی، چ مانایەكی دیكە دەدات؟

- لە پای چی سواری سەری خەباتی دیموكراتیانەی باكوور بوون و دەرفەت و دەسكەوتە سیاسییەكانی (هەدەپە)تان لەبەین برد و سەركردەكانتان بەگرت دان؟

- بۆچی و لە پێناوی كام ئامانج، سەنگەرتان لە ناو شارەكانی باكوور لێ دا و خەڵكی سڤیلتان تووشی ئاشوبی شەڕ كرد و دواتریش نەتانپاراستن و هەڵاتن و نیو ملیۆن كەستان تووشی ئاوارەیی و سەرگەردانی كرد؟

- بۆ كارتان لە كوردی رۆژئاوا تێكدا، بۆ ئەو پارچەیەتان كردە پاشكۆ و گوێلەمستی رژێمی ئەسەد. بۆ هەزار گەنجی رۆژئاواتان بۆ گرتنی (منبج) بەكوشت دا و دوایەش تەسلیمی جەیشی بەعسیی سووریاتان كرد و دەشتانەوێ میللەتی كورد دەستخۆشیتان لێ بكات؟

- ئێوە كە لە رۆژئاوا بۆ بەعس دەست بە سنگەوە دەگرن و، بەڵام كورد و كوردپەروەران راوەدوو دەنێن و پارتە كوردییەكان قەدەغە دەكەن و رۆڵەی كورد دەگرن و ئەشكەنجە دەدەن و ئاڵای كوردستان دەسووتێنن، بە چ روویەك ئیدیعای كوردبوون دەكەن؟

- ئێوە كە لە رۆژهەڵات پاسەوانیی سنوورن و دژایەتیی خەبات و رەمزە نەتەوەییەكان و تێكۆشانی رزگاریخوازیی كورد دەكەن، بە چ پێوەرێك دەتانەوێ ببنە دەمڕاستی كوردانی رۆژهەڵات؟

- ئێوە كە بۆ هەموو كەس شەڕ ئەكەن و تەنها بۆ كورد شەڕ ناكەن. گوێلەمست و داردەستی بێ ئیرادەی هەموو لایەكن و تەنیا بەرانبەر كورد دەنگ دلێر و ئازان، بە چ پێوەرێك خۆ بە كورد و كوردستانی دەزانن؟

- بۆ لە شنگال داتانبەستووە و ناتانەوێ ئاوەدان بێتەوە و بۆ دووبارە خەڵكە بەش مەینەتەكەی توشی شەڕ و ماڵوێرانی دیكە دەكەنەوە؟

- ئێوە دەتوانن دژی كورد و كوردایەتی و سەربەخۆییی كوردستان بن، بەرەیەكی فراوانی داگیركەر و شۆڤێنیزمی ناوچەكە دژی كوردن، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بە چ حەق و رەواییەك ناوی كوردستان لە خۆتان ناكەنەوە و تاكەی دەتانەوێ رۆڵەی كورد لە دژی كورد و ئاواتەكانی كورد بە كوشت بدەن!