Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سەرەتای مانگی ھەشتەوە، كار بە سیستمی نوێی مووچە دەكرێت

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، بڕیار وایە ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی ھەشتەوە كار بە سیستمی نوێی مووچە بكرێت، ھەر فەرمانبەرێكیش ناوی تۆمار نەكردبێت، مووچەی پێ نادرێت.

(ھیوا ئەفەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، بڕیار وایە ئەمساڵ لە ١/٨ـەوە كار بە سیستمی نوێی مووچە بكرێت، بۆیە ھەر كەسێك ناوی خۆی لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار نەكردبێت، ناوی ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەكان و ئەوكات مووچەی پێ نادرێت و مافی دەفەوتێت.

(ئەفەندی) گوتیشی، ئەو خەڵكەی بە مەبەستی وەرگرتنی نیشتەجێكردن لە وڵاتان (ئیقامە) رۆییشتوون بۆ دەرەوە بە بێ ئەوەی مۆڵەت وەربگرن، راستەوخۆ مافی لە ھەرێمی كوردستان نامێنێت و ھیچی لەسەر حكوومەت نامێنێت تاوەكو مووچەی پێ بدات و مافی دەفەوتێت، ئەوەی بۆ خوێندنیش رۆییشتووە وەكو تواناسازی، ھەر كاتێك خوێندنیان تەواو كرد و گەڕانەوە، ئەوكات ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار دەكەن و، ئەوانەی مۆڵەتی بێمووچەیان وەرگرتووە، ھەر كاتێك گەڕانەوە و دەستبەكار بوونەوە، ئەوكات ناوی خۆیان تۆمار دەكەن .

ئەمەیش لە كاتێكدایە، ناوتۆماركردنی فەرمانبەرانی سلكی مەدەنی تەواو بووە و ئەوەی سەربازییش بڕیارە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە تەواو بێت، بەڵام رەنگە ١٥رۆژیان بۆ درێژ بكرێتەوە، وەكو (ئەفەندی) ئاماژەی بۆ كرد.

 

بڵند ئیبراھیم