Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

دەقی راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

له‌ زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و بەڕێز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، شاندی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 23ی 4ی 2017 كۆبوونه‌وه‌ و چه‌ندین بابه‌تیان خسته‌ به‌رباس و گفتوگۆكردن.

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا باس له‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كانی هه‌ردوولا كرا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌كردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی له‌ كوردستان دروستبوون و جه‌خت له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی حكوومه‌ت و داموده‌زگاكان كرایه‌وه‌ بۆ باشتركردنی باری گوزه‌رانی خه‌ڵك له‌هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌كو باسی هه‌وڵه‌كانی وه‌فدی هاوبه‌شی هه‌ردوولا کرا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ گرژه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌ به‌غدا دروستببوو.

ته‌وه‌ری دووه‌م: هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی پێشوو و ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی كه‌له‌سه‌ری رێككه‌وتبووین كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی:
أ‌.      پێكهێنانی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم و ده‌ستنیشانكردنی واده‌ی ئه‌م پرۆسه‌ گرینگه‌.
ب‌.     چۆنیه‌تی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شێوازێک كه‌ له‌خزمه‌ت پرۆسه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كڕیزی نیشتمانیدا بێت.

ته‌وه‌ری سێیه‌م: پڕۆژه‌ (نه‌خشه‌ رێگا)ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دوای دیراسه‌كردنی له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌سه‌ربكرێت و وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.


پارتی دیموكراتی كوردستان       یه‌كێتی نیشتمانی کوركوردستان
23/4/2017