Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێکی ڕەوتی سەدر کەمپی حەسەنشامیان بەسەر کردەوە

حەسەنشام-KDP.info-  (لیزا گراندنی)، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق  و، (یان واڵتسمان)، سەرکونسووڵی هۆڵەندا لە عێراق بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ئاوارەکان سەردانی کەمپی حەسەنشامیان کرد.

ڕێکەوتی (٢٢ی نیسانی ٢٠١٧) شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی (کارزان نووری)، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازییان لە (لیزا گراندنی)، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و (یان واڵتسمان)، سەرکونسووڵی هۆڵەندا لە عێراق کرد.

مەبەست لە سەردانەکە لە نزیکەوە بەرسەرکردنەوەی بارودۆخی ئاوارەکان بوو. (لیزا گراندنی)، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەڕێوەبردنی کەمپەکاندا بەرزنرخاند.

لە لایەکی دیکەوە شاندێکی باڵای ڕەوتی سەدر سەردانی کەمپی حەسەنشامیان کرد.

کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کەمپی حەسەنشام پێشوازییان لە هاتنی وەفدێکی باڵای ڕەوتی سەدەر بۆ کەمپەکە کرد.

ڕێکەوتی (٢٣ی نیسانی ٢٠١٧) وەفدی باڵای ڕەوتی سەدر بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ڕەوشی ئاوارەکان، سەردانی کەمپی حەسەنشامیان کرد و لە نزیکەوە لە بارودۆخی ئاوارەکانیان کۆڵییەوە.

وەفدەکە لە لایەن شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرپەرشتیی (ڕزگار عوبێد)، بەڕێوەبەری کەمپەکانی حەسەنشام و خازرەوە پێشوازی لێ کرا.

لە سەردانەکەدا باس لە ڕەوش و گوزەرانی ئاوارەکان کرا و نوێنەری باڵای ڕەوتی سەدر بەڵێنی هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پاڵپشتیکردنیانی دا، لە دابینکردنی خۆراکی وشک و پێداویستیگەلی تەندرووستیدا.