Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: ئایندەی هەرێمی کوردستان پێوەستە بە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە

دهۆک-KDP.info-  لە چوارچێوەی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانکۆی دهۆک، کە لە لایەن ناوەندی توێژینەوەی (بێشکچی) بۆ لێکۆڵینەوەی مرۆڤایەتییەوە ساز کرابوو. پانێڵێک بە ناونیشانی (خوێندنەوەیەک بۆ هەرێمی کوردستان، دوای نەمانی داعش) بۆ یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی) ڕێکخرا.

(هێمن هەورامی) ئەم پرسەی بە ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ دوای نەمانی داعش بەستەوە، کە هەرێمی کوردستان پاراستن و مانەوە و بەرەوپێشچوونی خۆی لە نێو بشێویی ناوچەکەدا دەپارێزێت. (هەورامی) باوەڕی وایە، کە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی توێژینەوەی ناوەندە توێژەرە جیهانییەکان، ئایندەیەکی نائارام و نادڵنیایە، لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتە شکستخواردووەکانی ناوچەکە لە باتی ئەوەی ڕۆڵیان لە چارەکردنی دۆخەکەدا هەبێت، خۆیان بەشێکن لە شکست و بشێویی ناوچەکە. هەروەها ستراتیژیی جیهانی بۆ پرسی تیرۆر ستراتیژییەکە بۆ ئایندە، ئەمەش بە مانای بەردەوامیی ئەو فکرەیە.

(هەورامی) لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پرسی تیرۆری گەڕاندەوە بۆ شکستخواردوویی سیاسەت و ئەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا هەن و گوتی، ئەگەر داعشیش لەناو ببرێت، گرووپێکی دیکە لەدایک دەبێت، بۆیە پێویستە کار لەسەر جۆری گۆڕانکاریی سایکۆلۆژیی حوکمڕانانیی ناوچەکە بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەیدا (هەورامی) ڕایگەیاند، ئایندەی کوردستان پەیوەستە بەو ئایندە نائارامەوە کە لە ناوچەکەدا خولقێنراوە، چونکە ئێستا کێشەکان تەنیا بە دەوڵەتەکانەوە نەبەستراونەتەوە، تەنانەت کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتانیش کاریگەرییان لەسەر کۆی ناوچەکە دەبێت و، بە هەموو پێوەرێک ئێمەش بەشێکین لەو ناوچەیە.

سەنگەر هەورامی