Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بریفكانی: ٧٠%ـی لای راستی مووسڵ كۆنتڕۆڵ كراوە

 

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە ھێزە عێراقییەكان پێشڕەویی باشیان كردووە و، لە ئێستادا ٧٠%ـی لای راستی شاری مووسڵ رزگار كراوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت تا ١٥رۆژی دیكە مووسڵ بە تەواوەتی رزگار بكرێت.

(ھاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ماوەی چەند رۆژێكە ھێزە عێراقییەكان لە لای راستی شاری مووسڵ پێشڕەویی باشیان كردووە و، لە ئێستادا ھێزەكان نزیك نەخۆشخانەی كۆماری بوونەتەوە، جگە لەوەیش، ناوچەكانی بۆرسە و باب سنجار و گەرەكی سەورە رزگار كراون و پێشڕەوی بەرەو گەڕەكی شیفا و رفاعی دەكرێت، بۆیە لەم چەند رۆژەدا كاری باش كراوە و لە رۆژانی داھاتوودا بەرەو رزگاركردنی تەواوەتیی مووسڵ دەچین".

(بریفكانی) گوتیشی، لە ئێستادا حەوت گەڕەكی شاری مووسڵ لە لای راستی ئەو شارە لە دەست داعش ماون و زیاتر لە ٧٠%ـی لای راست ڕزگار كراوە، ھۆكاری دواكەوتنیشی ئەوەیە كە خانووی گەڕەكەكانی وەكو فارووق و مەیدان و ئەوانەی دیكە، كۆنن و ناتواندرێت شەڕی قورسیان تێدا بكرێت لەبەر ئەوەی خاپوور دەبن، بۆیە گەڕەكەكان گەمارۆ دراون و ناتواندرێت شەڕ لەناو كۆڵانەكاندا بكرێت و لە دەرەوە دەكرێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ده‌شڵێ، ئەگەر پێشڕەوییەكان وەكو ئەو چوار رۆژەی رابردوو بەردەوام بن، تا ١٥رۆژی دیكە تەواوی مووسڵ كۆنتڕۆڵ دەكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم