Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مۆتەکەی پاسپۆرتی عێراقی

هەرێم جەعفەر
بۆچی ئێوە بە یەک سەعات ڤیزاکەتان بۆ تۆمار کرا، لە کاتێکدا زۆرێک لە بەڵگەکانتان ساختەن، بەڵام بە من دەڵێن هەفتەی داهاتوو وەڵامت دەدەینەوە؟، لە هاوپۆلێکم پرسی کە پێکەوە لە کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا لە ئەڵمانیا لەگەڵ چەند فێرخوازێکی دیکەی دەرەوەی ئەورووپا چاوپێکەوتنی ڤیزامان هەبوو، بە پێکەنینەوە گوتی: ئەوەی تۆ زۆری پێ دەچێ تا دەزانن کە تیرۆریست نیت.
کورد لەناو عێراقدا نەک تەنها لە ڕووی جوگرافییەوە زیندانییە، بەڵکو شوناس و کەلتوور و زمان و تەواوی جیاکارییە نەتەوەیەکانی لە چوارچێوەی عێراقیبووندا لە زینداندایە. بە جۆرێک لە دەرەوی ئەو وڵاتە بە ئەستەم دەتوانی پێناسەی خۆت بکەیت.
وەک فێرخوازێکی ماستەر لە ئەورووپا، چەندین جار تووشی ئاستەنگی و تەنانەت سوکایەتیپێکردن بووم بەوەی پاسپۆرتی وڵاتێکم هەڵگرتووە کە سەرچاوەی تیرۆرە لە جیهاندا لە کاتێکدا ئێمە قوربانیی یەکەمی تیرۆرین و تاکە نەتەوەیەن کە شەڕی ڕاستەقینەی ئیسلامییە توندڕەوەکان دەکەین. کاتێک ناوی عێراق دەهێنیت، شمشێر و سەحرا و پەچە و برسێتی و ڕەشەکوژی دەبێتە پێناسەت، لە کاتێکدا هەموو ئەمانە لە ئێستادا لە ئێمە دوورن، دەبوو هەمیشە چیرۆکی دابەشکردنی کوردستان بگێڕمەوە و پێیان بڵێم کە ئێمە چۆن چارەنووسمان وەک پێکی شەرابەکانی شەویان فریودراوە، دەبوو هەمیشە ڕوونی بکەمەوە کە ئێمەش دار و گوڵ و چیا و ڕووبارمان هەیە، دەبوو بڵێم ئێمەش جیا لە جەنگ، شانۆ و ڕۆمان و کۆنسێرتی کلاسیکمان هەیە، دەبوو ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە جگە لە دڕک و خورما، نێرگز و پڕتەقاڵ و هەنار و سێومان هەیە، دەبوو پێیان بڵێم ئێمەش دەکرێ هەستمان هەبێت، دڵمان بشکێ، دەبوو ڕوونی بکەمەوە کە گەنجەکانمان، مرۆڤانەتر تەنانەت لە ڕۆژئاواییەکان، بۆ مەعشوقەکانیان دەگرین و دەمرن. سەرەڕای دەیان ڕوونکردنەوە و گفتوگۆ، هێشتا وەک مرۆڤێکی پلە سێ و چوار سەیر دەکرێین، ناتوانن بڕوا بکەن کە دەکرێ مرڤێک لە “عێراق” جیاوازی نەبێ لەگەڵ مرۆڤێکی ئەورووپاییدا لە ڕووی تێگەشتوویی و مرۆڤبوونەوە. هەندێک جار تەنانەت ناتوانن بڕوا بکەن کە ئێمە دەکرێ تووندڕۆ نەبین. ئیدی دەمەوێ خوێندنەکەم تەواو بکەم و بە جۆرێک هەوڵی گۆڕینی ژیانی ئەو منداڵانە بدەم کە عێراقیبوون هەڕەشە لە شووناسی ڕاستەقینەیان دەکات. من تێناگام بۆ دیموکراسی مافی چارەی خۆنووسین بۆ ئێمە نییە! بۆ دەوڵەت و زمان و ناومان هەمیشە تیکەڵ بە شەڕ و ئایینی جیاواز کراوە، بێگومان ئێمەش خاوەنی دەیان کێشە و دواکەووتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتین کە من نامەوێ لێرە باسی بکەم، بەڵام هاوتاکردنمان بە کەسێکی تیرۆریست یان توندڕۆ یان تیرۆریستخواز، زیاتر لە کۆیلایەتیی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بە ئازارترە.
گەر من لە جێی حکوومەتی هەرێم بم، داوای قەرەبووی ماددی و دەروونی لە بەغدا دەکەم، بەوەی خاوەنی شووناسێکین کە ئێستایش خەڵکەکەی شەڕی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەکەن، بەوەی ئەورووپاییەکان پێیان وایە دەستێکمان بۆمبە و دەستەکەی دیکەمان خەنجەر. ئەم نووسینە دژی عەرەب و عێراق نییە، تەنها دەمەوێ وەک ئەوە ببیندرێین کە هەین، نەک وەک ئەوەی مەلا و سیاسییەکانی عێراق ئاراستەمان دەکەن، من نامەوێ بۆ شەڕی شیعە و سوننە، کورد چیدی باج بدات. سەرشۆڕی بۆ ئەو کەسەی دژی دەوڵەتی کوردستان شەڕ دەکات.