هه‌ولێر-KDP.info- (فازل میرانی) سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به شاندی باڵای ره‌وتی سه‌دری راگه‌یاند، پارتی به وردی خوێنده‌وه بۆ ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه ده‌كات كه هێناویانه بۆ هه‌ولێر و ده‌یانه‌وێ كارێك بكه‌ن دواجار له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موواندا بێ.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازل میرانی) سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پێشوازی له شاندی باڵای ره‌وتی سه‌در كرد كه پێكهاتبوون له (سه‌ید ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌در) سه‌رۆكی شانده‌كه و (د.زیا ئه‌سه‌دی) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سیاسیی ره‌وتی سه‌در و (د. نه‌سار روبه‌یعی) ئه‌ندامی شانده‌كه و (شێخ سه‌باح ئه‌لساعدی) و(شێخ محه‌ممه‌د ئه‌لمه‌وسڵی) ئه‌ندامانی شانده‌كه.
له دانشتنێكدا كه (ئازاد به‌رواری) و (هۆشیار زیباری) و (مه‌حموود محه‌ممه‌د) و (عێزه‌ددین به‌رواری) ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و (ره‌مزی شه‌عبان) ئه‌ندامی یه‌ده‌كی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده بوون، (میرانی) خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌م سه‌ردانه و به گرینگ وه‌سفی كرد و، ئاماژه‌یشی دا به په‌یوه‌ندیی له‌میژینه‌ی سه‌درییه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و ره‌وتی سه‌در و گه‌لی كورد.
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی گوتی، په‌یوه‌ندیی زۆر به‌هێز له نێواندا هه‌بووه هه‌ڵوێسته‌كانی (سه‌ید موقته‌دا سه‌در)ی به‌رز نرخاند له هه‌وڵدانی بۆ راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی پرۆسه‌ی سیاسی و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، هه‌روه‌ها گوتی ''زۆر گرینگه پاڵپشتیی هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ماحه‌تیان بكرێت.''
(میرانی) هاوكات باسی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق كرد و گوتی، ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه ئامانجی باشی لێكه‌وته‌وه له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا.
له‌لای خۆیه‌وه (سه‌ید ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌در) سه‌رۆكی شاندی میوان، سوپاسی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه گه‌رمه و بۆ ئه‌م میواندارییه و سڵاوی (موقته‌دا سه‌در)ی گه‌یانده مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی.
(سه‌ید ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌در) له‌و دیداره‌دا مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یانی خسته‌روو كه بریتییه له گه‌یاندنی دوو پرۆژه‌ی (موقته‌دا سه‌در) كه یه‌كێكیان بۆ چاكسازی له یاسای هه‌ڵبژاردنی ئێستا و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دووه‌میشیان بۆ دوای رزگاركردنی مووسڵ و چۆنیه‌تیی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی لایه‌نه‌كان بۆ به‌رێوه‌به‌ردنی شاره‌كه، كه تێیدا هیچ لایه‌نێك فه‌رامۆش نه‌كرێت و متمانه پته‌وتر بكرێت له نیوان لایه‌نه‌كان.
سه‌رۆكی شاندی سه‌در هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوان ره‌وتی سه‌در و پارتی دیموكراتی كوردستان دا كه زۆر گرینگه ئه‌م په‌یوه‌ندیانه په‌ره‌ی پێ بدرێت.
له‌لای خۆیه‌وه (فازل میرانی) به ناوی شاندی پارتییه‌وه جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه به بایه‌خه‌وه خوێندنه‌وه بۆ هه‌ردوو پرۆژه‌كه ده‌كه‌ن و به تێروته‌سه‌ڵ له‌گه‌ڵ (سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی)دا ده‌یخه‌نه به‌ر باسه‌وه تا له قازانجی هه‌مووان بێت.
(میرانی) هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی كه پره‌نسیپی ئه‌خلاقی كاركردنیان پڕبایه‌ختر و گرینگتره له ده‌ستكه‌وتی سیاسی و، هه‌روه‌ها ره‌وتی سه‌در هاوبه‌شمانه بۆ ئه‌م ئه‌خلاقیاتی كاركردنه، ئه‌مه سه‌روه‌رییه‌كی هه‌ره گرینگه كه له رێبازی بارزانییه‌وه فێری بوون.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا (سه‌ید ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌در) سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی كوردستانی كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو ئاوارانه كه سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی كوردستان له‌ئامێزی گرتوون و گوتی ''ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌یه و هیچ وه‌خت له بیر ناكرێت.''