Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی و شاندێکی باڵای رەوتی سەدر، رەوشی سیاسیی عێراقیان خستە بەرباس

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕەوتی سەدر کرد و لە دیدارەکەدا ڕەوشی سیاسیی عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە مووسڵ خرایە بەر باس.

ڕۆژی شەممە 22ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی (سەید ئەحمەد سەدر) كرد.
لە دیدارەكەدا ڕەوشی سیاسیی عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە مووسڵ خرایە بەر باس. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق كە سەركەوتنی گەورەی لەبەرانبەر تیرۆریستاندا لێ كەوتووەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە شاندی میوان دید و بۆچوونی ڕەوتی سەدریان لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای داعش و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق خستەڕوو. هەر لەو كۆبوونەوەیە وێڕای ئاماژەدان بە بوونی پڕەنسیبی متمانە و پایەندبوون بە پەیمانەكان لەنێوانیان جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە قۆناغی داهاتوودا كرایەوە.