Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی گەیەندرایە کونسووڵخانەی فەرەنسا

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر کردە تیرۆریستییەکەی شانزەلیزای پاریس، گەیەندرایە کونسووڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر.

(هێمن هەورامی)، یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی)، پەیامی هاوخەمیی (سەرۆک بارزانی) لەسەر کردە تیرۆریستییەکەی شانزەلیزای پاریسی گەیاندە کونسووڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر.لە پەیامەکەدا هاتووە، بەپێی ئەو پێگەیەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەرەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا هەیانە و، هەر لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستانەوە، فەرەنسا بە شێوەیەکی جیددی کاری بۆ لەناوبردنی تیرۆر و هاوکاریکردنی تیرۆربەزێنان، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هاوسۆزیی گەلی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە ڕێی (دۆمەنیک ماسس)، کونسووڵی فەرەنسا لە هەولێرەوە دەنێرین بۆ سەرۆک و حکوومەت و گەلی فەرەنسا. لێرەوە پێیان دەڵێین، ئەو زامەی لە فەرەنسا دروست دەبێت، ئازارەکەی لە کوردستانە و، ئەمەش پەیوەندیی بەو مێژووە دۆستانەیەی پەیوەندیی نێوان گەلانی فەرەنسا و کوردستانەوە هەیە، کە لە زۆربەی وێزگەکانی ژیانی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا، فەرەنسا پاڵپشت و هاوکاری کوردستان بووە.

یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی) گوتیشی کە لەپەیامەکەدا، وێڕای ئیدانەکردنی کردەوە تیرۆریستییەکە، (سەرۆک بارزانی) دڵنیایی بە دەوڵەت و گەلی فەرەنسا دەدات، کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە ئێشکگرتن لە بەرامبەر تیرۆریستاندا، پەیامی ئازادی بە جیهان ڕادەگەیەنن.

(دۆمەنیک ماسس)، کونسووڵی فەرەنسا، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، ئەم پەیامی هاوسۆزییەی (سەرۆک بارزانی) دەگەیەننە سەرۆک و حکوومەت و گەلی فەرەنسا.

سەنگەر هەورامی