Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنەكەسە داوای ئازادكردنی ئەندامەكانی دەكات

 
گركێلەكێ-KDP.infp- ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد - سووریا "ئەنەكەسە"، لە راگەیەندراوێكدا داوای ئازادكردنی ئەندامەكانی لە گركێلەكێ دەكات و، دەخوازێت بە زووترین كات رزگار بكرێن.
 
 
ئەنەكەسە ڕایگەیاندووە كە، "پەكەكە لە سیاسەتی چەواشەكاریی خۆی لە دەستبەسەرداگرتنی نووسینگەكان و سووتاندن و دەستگیركردنی ئەندامان و لایەنگرانمان بەردەوامە، كە ئەمانە دوورن لە بەهای دیموكراتی و مافی مرۆڤ".
 
 
ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد - سووریا ڕوونیشی كردووەتەوە، "تا ئێستایش ئەم كەسانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە، لە زیندانەكانی پەیەدەدا چارەنووسیان دیار نییە: (عەدنان مەحموود) ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی كە لە ٣٠/٣/٢٠١٧ لە لایەن پەكەكەوە دەستگیر كراوە بە هۆی كردنەوەی ئاگری نەورۆزەوە. (مەسعوود محەممەد ئەمین) ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا كە لە ٣/٣/٢٠١٧ دەستگیر كراوە. (دڵگەش حوزنی ئوسكۆ) ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا كە لە ٣/٣/٢٠١٧ دەستگیر كراوە. هەروەها (هۆزان ئیبراهیم سلێمان) كە لە مانگی 3ـی 2017 دەستگیر كراوە، لەگەڵ (عومەر ئیبراهیم عومەر) لە 2017/1/15 و، (حەسەن نەواف عەبدولعەزیز) ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا كە لە 2017/4/11 دەستگیر كراون".
 
 
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتە ڕوو، "ئێمە وەك ئەنجوومەنی نشتیمانیی كورد- سووریا، ئیدانەی هەموو ئەم كارانە دەكەین و دڵنیاین كە خزمەت بە كێشەی كورد ناگەیێنن و دوورن لە بەرژەوەندیی گەلی كورد، بە تایبەت لەم قۆناغە چارەنوسسازەدا، كە كەیسی سووریا لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكاندا گفتوگۆ دەكرێت، بۆیە پێویستە یەكڕیزی و یەكگوتاریی كوردی هەبێت و بە زووترین كاتیش دەستگیركراوەكانی گركێلەكێ لە زیندانەكانی پەكەكە ئازاد بكرێن".
 
 
ئاماژەیشی داوە، "ئێمە پاپەندبوونی خۆمان دووپات دەكەینەوە بە رێبازی كوردایەتی، پڕۆژەی نەتەوەیی و تێكۆشان و قوربانیدان بۆ گەلی كورد، باوەڕیشمان وایە دۆزی ئێمە و داخوازییەكانمان، مافی رەوای نەتەوەكەمانن".
 
 
كاروان باعەدری