Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.محەمەد حاجی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ریفراندۆمی هەرێم نییە؛ رای ئەوان ئەرێنی دەبێ

هەولێر-KDP.info-  راوێژکاری سیاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (د.محەمەد حاجی) رایگەیاند کە هیچ وڵاتێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ریفراندۆم نین و تا ئێستا هیچ وڵاتێک لێیانەوە دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆمی کوردستان دەرنەبڕیوە..دەشڵێ، ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامدرا ئەوا باوەڕم وایە رای ئەوان ئەرێنی دەبێ.

راوێژکاری سیاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (د.محەمەد حاجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا وەک هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و نێوخۆیی عێراق و وڵاتانی هەرێمیی پێوەست بە ریفراندۆمەوە لە قۆناخی روونکردنەوەداین بۆ ئەوەی تێیان بگەیەنین کە دەمانەوێ رای گەلی کوردستان لەبارەی دیاریکردنی چارەنووس وەربگرین، خۆشبەختانە تا ئێستای لەگەڵدابێ هیچ وڵاتێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان رانەگەیاندووە.

(د.محەمەد حاجی) روونیشی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارودۆخی ھەرێم و عێراق، بۆیە بەرای ئێمە ھەرکاتێک ریفراندۆم ئەنجامدرا و خەڵک رای خۆی دیاری کرد، ئەوکات رای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕووندەبێتەوە و بەباوەڕی من ڕای ئەوان لەبارەی ریفراندۆمەوە ئەرێنی دەبێت و راگەیاندنی دەوڵەتیش ئەوکات سەرکەوتوو دەبێ.
(محەمەد حاجی) نمونە بەوە دێنێتەوە کە لە ٢٠ساڵی رابردوودا ئەو دەوڵەتانەی دروستبوون وەک ئەو دەوڵەتانەی سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم نین، وەک باشووری سودان و تەیموری رۆژهەڵات ئەوانە چەند ساڵێکیان پێویست بووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تێبگەینن کە داواکاری ئەوان شەرعی و رەوایە، بۆیە پێویستە ئێمەش دیالۆگێکی فراوانتر لەگەڵ وڵاتان بکەین بۆ ئەوەی زیاتر لە داواکاری ھەرێم بگەن.

راوێژکاری سیاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ، "رەنگە تا ٥مانگی داھاتوو ریفراندۆم لە ھەرێم ئەنجام بدرێت و ئەمەش پێویستی بە لێکتێگەیشتنێکی نێوخۆیی ھەیە و پێویستە ھەموو لایەنەکان ئەمە بەپرسی خۆیان بزانن و ئەگەر لایەنێک یاخود دوو لایەنی سیاسی ئامادەی ھەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارەتییە نەبن نابێتە ھۆی ئەوەی ئەو پرۆسەیە سازنەدرێ، چونکە لە وڵاتانی دنیا ھەبووە لایەنی سیاسی لەگەڵ نەبووە و کارەکە کراوە و سەرکەوتووش بووە، بۆیە (سەرۆک بارزانی) ئامادەیە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆبێتەوە و کێشەکان چارە بکات تا لەبارەی ریفراندۆم یەک ھەڵوێست بین، چونکە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لای (سەرۆک بارزانی) زۆر جیددی و گرینگە لەبەر ئەوە ھەرشتێک بۆ ریفراندۆم پێویست بێت دەیکات و پرۆسەی سەربەخۆیش بەردەوام دەبێ تا دەگاتە ئامانج."

بڵند ئیبراھیم